شوێنێکی دڵگر زۆر باسەفایە

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  546 بینین
شوێنێکی دڵگر زۆر باسەفایە
جێگای تەجللای دیداری خوایە
بە تەمەن پیرە، بە دیمەن لاوە
ڕیش سپی، سەری ڕەشی بێ کڵاوە
لە شەش پیت پێک دێت شۆرەت و ناوی
دەکەوتە یادی ڕۆژانی لاوی
یەک و دوو و سێ بە دارە دارە
چوار و پێنج و شەش لە ژین بێزارە!
چوار و دوو سێ خاوەن فەرمان بوو
میری میری بوو لە کوردستان بوو
دوو و پێنج و سێ سەر لە بەیانی
دەم بە پێکەنین لە ڕێگای کانی
شەش و پێنج و سێ وەک زوڵفی یارە
مەگەر پاسداری گەنمی ڕوخسارە!
سێ و دوو و پێنج کاری ناکەسە
دوور بن لە پیاوی بە درۆ و دەلەسە!
وەڵام: «پیرمام»