بە هیوا بووم کە شادی بێت و خەم بڕوا دەمێکی تر

عیشق و ئازادی پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 4 خولەک  2279 بینین
بە هیوا بووم کە شادی بێت و خەم بڕوا دەمێکی تر
پزیشکم ساز بکا بۆ چاری زەخمم مەرهەمێکی تر
لە ناکاو ئاسمانی گرتە بەر تۆز و تەمێکی تر
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر
لە دەریای خەم شکا کەشتیم کتوپڕ کەوتە قووڵی ئاو
دەبێ دۆستێک درێژ کا دەست و دەربێنێ منی داماو
دەمێکە چاوەڕێتم ساقی چاو مەست شۆخەکەی بێ ناو
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تێنووی جگەر سووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر ژەمێکی تر!
پزیشکی دەست کەوێ وابێ بڵێن دڵپاک و زانایە
بپرسن لێی نەخۆشی من ئەڤینە یا خۆ سەودایە
ئەگەرچی خۆم دەزانم هەوڵ و تێکۆشان لە خۆڕایە!
ئەوەندە دەردە دار و بێ پەرەستارم کە پێم وایە
لە سەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
بە هیوای مژدەیەک بووم بۆم بنێری چیت نەنارد ئاخۆ
لەگەڵ سروەی بەیان هات ڕادەبرد من ڕام سپارد ئاخۆ
دوامین بەرژەوەندێکی کە بۆ خۆم هەڵبژارد ئاخۆ
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابورد ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟
درێژەی ژینی پڕ ژانم بەخت کرد بەرژەوەندە زانیم
قوتابی خوێندگەی پڕ نرخ و بەرزی «حاجی» و «خانی»م
ئەمن کۆڵم نەدا ڕۆژێ ئەوەندەی پێم کرا توانیم!
گەیشتمە سەر تروپکی ئارەزوو ڕۆژێ کەچی ڕوانیم
لە پێشم دایە زەرد و سەخت و ماهـ و ئەستەمێکی تر
لە سەر کۆهساری دەرد و خەم ئەوند بەرزم وەکوو هەڵگورد
ئەوەی من ئارەزووم بوو بێت نەهات چی بکەم تەمەن ڕابوورد
وەکوو ئاونگی سەر گوڵدا ڕژا سەر من خەمێکی ورد،
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
لە بەر زامی بژانگی تیژی دوو چاوی گەلاوێژی
بە ئازارم بە هیوام بەم زووە ڕووکاتە ساڕێژی
ئەگەر بە کرۆکەیەک پەیدا نەبێ دەمدا لە بەد بێژی
نەما خانی هەتا چیرۆکی عیشقی ئێمە داڕێژی
دەنا ئێستاش لە کوردستان دەژین زین و مەمێکی تر
لە باخی پڕ گوڵی هیوا هەمیشە شاد و بێ پەراوم
بەرامبەر لالەزاری مێخەک و شەوبۆ بوو ڕاوەستام
ئەوەی هەستم دەبزوێنێ و سەرەنجی زۆری ڕاکێشام
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوی لە سەر سینە و مەمێکی تر
بە هیوا بووم لە بەرزی سەرکەوم دێوێک لە ڕێم وەستا
فریشتەی پاک سروشتی تالعم جووڵا لە خەو هەستا
بە گیانی پاکی لاوی خوێن ڕژاو، سوێندم بە ئاوێستا
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لە ناو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
بە ئاشتی و هێمنایی ئاشنام و دژ بە بێدادیم
لە ئاژاوە و بە شێوی دوور دەبم لایەنگری شادیم
لە کۆڕی بەزم و دڵداری ئەگەر جێم بێ وەکوو خادیم
هەتاکوو دوا پشو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
بە هیوا بووم کە وا سروەی بەیان بێت مژدەیەک بینی
لە ناو بێشکەی ئەمەل کۆرپەی جگەرگۆشم کە ڕاژێنی
لە ناخم وەک بروسکە دێت و هەستی من دەجووڵێنی
کە فرمێسکم لە سەر ڕوخساری کیژی دڵ شکاو بینی
گوتم: یاخوا لەسەر سەرگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
لە ڕۆژێکی کە خۆشم ویستی هەر لەو ساوە تۆ ویستت
هەموو زانست و هەست و هۆش و بیرم بێتە ژێر دەستت
ژیانیشم بە جارێ کردە پێشکەش چاوەکەی مەستت
شەوێکی چاوەڕوانت بووم نەهاتی گیانەکەم ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر!
هەمیشە بیر و یادی تۆ دەکەم نەیکەم لە چی بدوێم!
ژیانم بێ ئاوەنگ و لەسەر ڕوخساری گوڵ بڕژێنم
ئەگەر ئەسپی ئەجەل هەر وا لە مەیدان لنگ بدا دەگلێم
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانی ژینێ دا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
گوتم: وا گەیمە لووتکەی چارەنووس سەیری دەکەم دوورم
منی وا لانەواز و بێ نەوا بێ هێز و ڕەنجورم،
ئەگەر بۆ خۆم نەکەم چاری دڵی تاریک و بێ نوورم
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
چریکەی بولبول و قومری لە گوڵشەن سەروی ئازادە
پیاڵەی پڕ نەبێ شەونم بە پەنجەی ساقیی سادە
لە شایی جەژنی نەورۆزدا کە نێرگز شاد و ئامادە
بەهار و گوڵ، کچ و مانگە شەو و شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر؟!