لە گوێ بگرە وتەی شیرین و ناسک نەستەق و پەندە
تاوانی بێ هێز پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
3 خولەک
1550 بینین
لە گوێ بگرە وتەی شیرین و ناسک نەستەق و پەندە
دەمێکە ئەو دڵەی زارم لە چینی پەرچەمت بەندە
لە خەجیان پرسی ڕەش پۆشی؟ گوتی: شینی سیامەندە
لە کۆ ئەسرین دەبارێنم لە بۆ کوردی پەڕاکەندە،
لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم هەر لە سامەرەندە
دەمێکە خەمزەدەی ئەبرۆی کەوانی خان و مانێکم
لەگەڵ پیری موغان ئیمڕۆ خەریکی لێ دوانێکم!
کە چی ئێستا دەزانم ئەو لە بانێک، من لە بانێکم
منی زەنجیر پسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم
زەمانە گەرچی ئاڵۆز و پەشێوە کەڵ بە موو بەندە
لە بیرم چۆن دەچێت ئەو ڕۆژە بانگی کردم و نەم بیست
خەیاڵی وەک مژی داوێنی کێوێک هات لەسەر سەر نیشت
ئەوەندە خۆش بوو لام ناشێ هەتا ماوم لە بیرم دەرچێت
گوتی: ئێوارە بازاڕی وەرە ماچت دەمێ نەم ویست
هەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بە دەستەندە
ئەوەندەم خۆش دەوێی گیانە، ئەوەی بیکەی گلەی ناکەم
ئەگەر غەمزەت هەمووی ئاراستەیی دڵ کەی سوپەر ناکەم
لە ڕۆژێکی کە بیستم لێت گوتت سەرفی نەزەر ناکەم!
دڵم سەد هێندی دیکانە بە ناز بشکێنێ دەنگ ناکەم
چ سوودێکی هەیە کێیە بپرسێ داد و گازەندە!
لە گوڵشەن دەنگی ئاهەنگ و سەفایە بەزم و سەیرانە
سەراسەر چەهچەی قومری و هوزار، ئاوازی مەستانە
ئەوەی پێی شاد نییە بڕوا، نەمێنێ لەم هەرێمانە
جیهان و هەرچی خێر و خۆشییە بۆ هەڵبژاردنە
بە قانوونی تەبیعەت پاشەرۆک خۆرە ئەوەی گەندە
هەمووی هۆی یەک نەبوونی و دوودڵیم بوو وەک لە ڕێم دا
کە ئێستا وا پەرێشان بوویمە تۆز و گەرد لە ژێر پادا
مەلا گەر خۆی نەمردبا چۆن کەری دەخورا لە سەحرادا
ئەگەر تاوانی بێ هێزێ نییە بۆ چی لە دنیادا
بەشی من ماتەم و شینە، بەشی خەڵکی زەماوەندە
لە ڕۆژێکی کە فەرمووت دوژمنم نامەرد و سەر شۆڕە
ئەوێستاش تیشکی ئەدرەوشێ بە ڕووناکی وەکوو خۆرە
بە زیندووی تێ دەگەن قەت نامرێ ئەم زاتە پسپۆرە
بە مردوویش نیشانەی گوللەیە ئەو کەللە پڕ شۆڕە
ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە ڕەندە
بە زانست چارەسەر دەکرێ ئەوانەی کۆسپی سەر ڕێمن
ئەوەی بەرد بۆم دەهاوێژی هموو کاتێک لە ژێر پێمن
گوتی: عەونیناسناوی ئەدەبی دەبێ بمرن ئەوانەی چاو لە ڕێ و جێمن
سەری تەعزیم لە بەر تۆدا نەواندن فەخرە بۆ «هێمن»
بژی حاجی کە کێوی هیممەتت سەد هێندی ئەلوەندە!