وا چرای کوڵمەی بە عەزمی سوتنی دڵ شوعلەدا

پێنج خشتەکی عەونی لەسەر شیعری «مەیلی»
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1237 بینین
وا چرای کوڵمەی بە عەزمی سوتنی دڵ شوعلەدا
چۆن وەکوو پەروانە سوتێم ڕوو بە ڕوویی لا لەدا
چۆن وەکوو بولبول نەناڵم من لە دەوری غونچەدا
وا لە دەوری باخی کوڵمی ماری زوڵفی حەڵقەدا
بولبولی دڵ پاسەوان و حاجیبە لەم باخەدا
دڵ وەکوو منداڵی ساوا، وا لە دەرگات کەوتووە
ناڕوا چونکە بە شەهدی لوتفی تۆ پێی گرتووە
موودەتێکە وا لە شەککەر خەندەیی تۆی چەشتووە
من کە تیفلێکی نەفام لەم یەخەم گڕ گرتووە
تا وەکوو قەندی مەمی بۆم دەر دەخا لەم سینەدا
گاهـ لەگەڵ بولبول لە گوڵشەن ناڵە ناڵێکم هەیە
گاهـ لەگەڵ قومری دەناڵم چۆن فیغانێکم هەیە
هەردەمە من باخەوانانە خەیاڵێکم هەیە
من لە ناو باخ و گوڵستان نەونەمامێکم هەیە
دوو هەناری زەرد و سوور و دوو گوڵ و خونچێک ئەدا
دڵ وەکوو مەجنوون دەناڵێ وا لەبەر پێ کەوتووە
هەم بە نەشئەی تاس و توڕەی پەرچەمت تەسخیر بووە
تۆ کە لەو ساوە بە قەتڵی ئێمە وادەت فەرمووە
وا بە لەرزانەی گوارە دڵ بە لەرزین کەوتووە
زۆر ئەترسم هەڵقەنێ ڕۆحم بەدەم ئەم لەرزەدا
تا بەکەی ئەم تاڵییە ئەی دولبەری شیرین کەلام
بێتو گەر جارێ کەرەم کەی تۆ بە خەندە بێیە لام
نامەوێ من نەهری کەوسەر یا نەخۆ دارولسەلام
جەننەت و دۆزەخ چ فەرقێکی نییە قوربان لەلام
من هەتا ماوم ئەگەر شاد بم لە ئەم فیردەوسەدا
قەت بەیان نابێ بە نووسین ماجەرای دەردی دڵم
گەر لە لای تۆ وە چ ڕەحمەت بێ چ میحنەت قایلم
حاڵ و بێ حاڵیم ئەگەر بێ پێت دەڵێم چۆنە گوڵم
خانەیی سەبر و تەحەمول ڕوو لە وێرانە دڵم،
جار بە جار بۆ قووەتی دڵ ماچی لێوانی ئەدا
چاوەکەم چاوم لە ڕێتە تا سەحەر نانووم شەوێ
ئینتزاری لە لالەیی ڕووتم کە کەی بۆم دەردەکەوێ
هەر وەکوو عەونیناسناوی ئەدەبی بە قوربان بەرگی شادیت قەت نەوێ
«مەیلیا» گەر مەیلی ڕووی ڕۆحی شیرینت نەوێ
هەر وەکوو پەروانە ڕۆحی خۆی بە ڕوویی لالەدا