بە قەد شمشادی پۆستانە بە ڕوو باغ و گوڵستانە
پێنج خشتەکی عەونی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
2189 بینین
بە قەد شمشادی پۆستانە بە ڕوو باغ و گوڵستانە
بە لێو کەوسەر، بە چاو ساقی، بە وێنە حوور و غیلمانە
لە سەر کێوی دڵم دایم وەکوو مووسایی عیمرانە
بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری هەموو دنیا چراخانە
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە
لە نێو خوبانی عالەم تاکە ئەم شۆخە بە بێ باکی
بە حوسنی سەرکەش و مەغروورە مەشهوورە بە سەفاکی
دڵە گەر تۆ نەترساوی چییە وا مات و غەمناکی
لە مەیدانی مەلاحەت شاسوارێکە بە چالاکی
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە!
شوکر یاران لە قەیدی خەم دڵی بێ چارە ئازادە
دەخیلت بم وەرە موتریب فیدات بم ساقیی سادە
لە بۆم لێ دە لە عوود و نەی پەیاپەی بێنە بۆم بادە
حیکایاتی من و یارم وەکوو شیرین و فەرهادە!
تەماشەی دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە
بە خەندە و پێکەنین و چاوی مەخمووری دڵی بردم
بە غەمزە و ناز و عیشوە و نازکی عەقڵی لەسەر بردم
لە بابل دەرسی سیحری خوێندووە وا فێڵی لێ کردم
ڕەفێقان سا مەکەن لۆمەم ئەگەر بەم دەردە من مردم
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە
بەیان نابێ بە نووسین چەندە شیرین و چ مەحبووبە
بە لەنجەی سەرو مەعیووبە، بە خەندەی خونچە مەحجووبە
بیحەمدیللا کە بێ هەمتایە وەک ئەولادی یەعقووبە
بە ئینعام و عەتا یارم بە حەققەت کانی مەتلووبە
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە
لە ترسی تەلعەتی ڕووی ڕۆژ کە سەرگەردانە هەڵنایێ
نە ئەو هات و نە ئەم هەڵهات دەزانم ئەو کە هەرنایێ
کە قەیسی عامیری چی بوو لە عەشقی ڕووی لەیلایێ
هەموو عالەم ئەگەر بێ ببتە مەجنوون عەیبی لێ نایێ
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە!
دەگریێم و دەناڵم ڕۆژ و شەو دایم لە هیجرانی
لە دەریایی خەفەت خنکاوم وکوو عەونیناسناوی ئەدەبی کە نازانێ
لە لایێ جەیشی ئەگریجەی، لەلایێ تیپی موژگانی
هەزار عاشق کە تاب و تاقەتی نابێ لە مەیدانێ
تەماشای دولبەری من کەن سوپا سالاری خووبانە!