وا دەگێڕنەوە لە ڕۆژگارێک

بازرگان و تووتیی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 4 خولەک  720 بینین
وا دەگێڕنەوە لە ڕۆژگارێک
تاجیرێک هەبوو لە گەورە شارێک
ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ خێزانی
وتووێژیان بوو بە شادمانی
گوتی: من دەڕۆم بۆ سەفەری دوور
پڕ مەترسیییە و لەو پەڕی سنوور!
کە گەڕامەوە شاد و بەختەوەر
چیتان بۆ بێنم دیاری سەفەر
هەر یەک پێویستی چی بوو بۆی نووسی
سەفەرت خێر بێ دوور لە مەترسی
تووتییەکی هەبوو کاکی بازرگان
قەفەزی زێڕی بۆ کردبوو بە لان
ڕووی کردە تووتی: ئەتۆ چیت دەوێ؟
شەرت بێ بۆت بێنم گەر دەستم کەوێ
تووتی ڕووی کردە ئاغای بازرگان
بەڵێنم دەیە بە دڵ و بە گیان
بازرگان گوتی: تووتی بەڵێن بێ
بۆتی دەهێنم لە هەر جێ و شوێن بێ
تووتیەکە گوتی: لە دوورگەی خاوەر
لە خۆرهەڵاتی دوورگە لە ئەو بەر
هێلانەی دایکم لە سەر دارێکە
بۆم سۆراخ بکە لە چ حاڵێکە
سەفەرت خێر بێ بە شادمانی
بگەڕێیەوە بۆ ناو خێزانی
لە دوای چەن ڕۆژێک ئەم بازرگانە
کەوتە ڕێ لەگەڵ بارکە و بارخانە
هەتا گەیشتە دڕوگەی جاوە
کڕین و فرۆشتن کە لەوێ باوە
فرۆشتی هەر چەند کالای هێنابوو
قازانج و سوودی زۆری تێدا بوو
کەوتە بیر کردن بۆ گەڕانەوە
ئامادە و دروست بە بارخانەوە
لە پڕ تووتیەکەی هاتەوە خەیاڵ
گوتی: بەڵێنم داوە بە هەر حاڵ
بە پرسیار کردن ڕێگەی گرتە بەر
هەتاکوو گەیشتە دوورگەی خاوەر
چوو بۆ ئەو شوێنەی نیشان کرابوو
بانگی کرد وەکوو ڕاسپێردرا بوو
دایکی تووتیەکە لە دار هاتە خوار
پێی گوت: بفەرموو چیت هەیە پرسیار؟
بازرگان پێی گوت: دەبێ دڵخۆش بی
نابێ بۆ کچەکەت هیچ بە پەرۆش بی
من خۆشم دەوێ زۆر شادمانە
قەفەزی زێڕم بۆ کرد بە لانە
هەر چەند لای من شاد و ئازادە
بەڵام هەمیشە تۆی هەر لە یادە
تووتی کە ئەمەی بیست لە بازرگان
لە سەر دارەکە کەوتە خوار بێ گیان
بازرگان سەرسام لەوە دڵگیر بوو
مردنی تووتییەکەی لا بە تەئسیر بوو
ناچار گەڕاوە بۆ لای هاوڕێکان
ئەو بەسەرهاتەی گێڕاوە بۆیان
دوای ئەوە کەوتە کەل و پەل کڕین،
بار کرا کاڵا و کوتاڵی ڕەنگین
کاروان بەڕێ کەوت بەرەو ماڵ دەهات
دوای چەند ڕۆژ گەییەوە وڵات
بە یەکتر شاد بوون خۆی و خێزانی
کەوتنە هەڵپەڕکێ و شایی و گۆرانی
کاتێک بازرگان تووتییەکەی بینی
لە گۆشەی قەفەز زۆر بە غەمگینی
تووتییەکە پێی وت: چیت بۆ هێناوم
یان لە بیرت چوو ڕاسپێردراوم؟
بازرگان گوتی: تووتی بە ڕاستی
لە ڕاسپاردەت نەمنواند سستی
من زۆر دڵگیر بووم لەم کارەساتە
چیت بۆ باس بکەم لەم بەسەرهاتە
تووتییەکە گوتی: لە سەرەتاوە،
بۆم بگێڕەوە هەرچی ڕوی داوە
بازرگان هەرچی دی بوو دەیزانی
بۆی گێڕایەوە بە نیگەرانی
تووتی ئەوەی بیست ڕاچڵەکی لەرزی
لاشەی بێ گیانی کەوتە سەر ئەرزی
بازرگان تووتی دەرکرد لە قەفەس
کە تەماشای کرد بێ هەست و نەفەس
لە پێش خۆی دانا تەماشای دەکرد
دەیگوت: من بۆ چی ئەم باسەم بۆ کرد
لە ناکاو تووتی جوڵا و هەڵ فڕی
لە لقی دارێک هەڵنیشت و چڕی
بازرگان سەرسام کە ئەوەی بینی
بێ دەنگ و مات بوو کەوتە تێبینی
گوتی: ئەی تووتی گوێت بۆم بدێرە
تۆ یەکەم تووتی قەفەزت زێڕە!
خواردنت هەموو شەکر و حەڵوایە
زۆر خۆشەویستی لەلام بەو خوایە
لە سەر چڵاندا لەگەڵ ناکەسان
دەترسم ڕۆژێک بمری لە برسان
وەرەوە بۆ ناو قەفەز و لانت
لە خۆت تاڵ مەکە خۆشی ژیانت
تووتییەکە گوتی: ئاغای بازرگان
من تۆم خۆش دەوێ بە دڵ و بە گیان
ئەتۆ کە دیتت دایکم خۆی مراند
ئەوی پەندێک بوو کە بۆ منی نواند
تا خۆم ڕزگار کەم لە بەند و قەفەس
ئازاد و سەبەست هەڵکێشم نەفەس
قەفەزی زێڕ و گەنج و دارایی
بێ نرخە لە لام من بە تەنیایی!
لە سەر دارێکدا هەڵبەستم لانە
با لەوێ بمرم بێ ئاو و دانە
گەر وەها بمرم لەلام خۆشترە
ئازادی نرخی لە ژین زۆرترە!
ماڵت ئاوا بێ ناگەڕێمەوە،
با بە سەربەستی سەر بنێمەوە!