گوڵی پشکوتوو بۆ بولبول
گوڵ و بولبول
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
865 بینین
گوڵی پشکوتوو بۆ بولبول
هەڵی ڕشت ڕاز و نیازی دڵ
گازاندەی کرد لە خاوەنی
باخی ڕازاوە و گوڵشەنی
ئەمەی وت ئاخی هەڵکێشا،
جەرگ و دڵی لەگەڵ ئێشا!
-: باخەوان ئەوەی مەبەستە
دەستم ببەستی بە دەستتە
بمبا بۆ کوچە و بازاڕان
بکەومە دەست هەرزەکاران
بە پوولی کەم بم فرۆشێ
تاڵی مەرگم پێ بنۆشێ!
سیس و ژاکاو هەڵبوەرم
زوو بێت مەرگی کتوپڕم!
_ گەرد و گێژەلووکەی خەزان
لە تۆش زوو تاڵ دەکا ژیان
لانە و مەرزت دەشێوێنێ
گەڵای باخان دەوەرێنێ
گوڵ نامێنێ لە سەر چڵان
تێک دەچێ لانەی بولبولان
سەرمای کوشەندە و ڕەشەبا
وێنەی دێڵە گورگی بە با
ڕووی کردە هەر جێگا و مەرزێ
گیان لەبەر تێیدا دەلەرزێ
لە تەختی گوڵ، چقڵ و دڕوو
لە جێی هوزار، قەلی بەدخوو
ئەم بە تیژی و زەخم گازی
ئەم بە ئاوازەی ناسازی
ئەو زام بەخش، ئەو ڕووی ڕەشە
ڕۆژ ڕۆژی خوێڕی و ڕوو ڕەشە