وەکوو قومری لە باخ و جۆیی باران
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
1084 بینین
وەکوو قومری لە باخ و جۆیی باران
لە بۆ سەروی قەدی شاهی نیگاران
دەڕێژم ئەشکی چاوم عەینی باران
دەناڵێنم لە ئەشکی گوڵ عوزاران
وەکوو بولبول لە چڵ فەسڵی بەهاران
لە دووریت زار و ڕەنجوورم هەمیشە
لە عەشقت مات و مەهجوورم هەمیشە
ئەوێستا بۆیە مەسروورم هەمیشە
بە بێ مەی مەست و مەخموورم هەمیشە
بەڵێ مەستم بە نەشئەی چاو خوماران
لە سەر بۆ چیمە تاجی کەی قوبادی
تەڵەب ناکەم هەتازیندوومە شادی
دەپۆشم بەرگی ناچاری و کەسادی
وەکوو مەجنوون دەڕۆم وادی بە وادی
لە تەعقیباتی یارم دوور لە یاران
لە چاوم دێتە خوار ئەشکی ڕەوانم،
زەمین شێوا لەبەر ناڵەی و فیغانم!
نەوەک بمرم ئەجەل نادا ئەمانم
وەرە ئەی خوسرەوی شاهی جیهانم،
بپرسە جارێ جارێ حاڵی غەمگوساران!
بە لوتفت شادمان سەرفرازم
ئەگەر مەحموودی تۆ من هەر ئەیازم
بکە ڕەحمێ کە یەک ڕوخسەت بخوازم
بە خەنجەر بم کوژە قوربان چ لازم
بە تابووری مژەت بۆ تیرە باران!
بە دیمەن ڕووت و بێکەس وەک هەتیوم
وەکوو پیرێکی سەد ساڵە ڕزیوم،
هەتا مردن دەبێ هەر قوڕ بپێوم
لە ژێر باری خەفەت من چۆن چەمیوم
بە گەنجی چوومە ڕیزی دەست بە داران
کە تۆ عاجز بی من بۆ چیمە ژینم
فیدات بم عەقڵ و ماڵ و ڕۆح و دینم
مەکە مەنعم کە جار جارت ببینم!
لەگەڵ عەونیناسناوی ئەدەبی بە بێ مەیلت دەبینم
فیدات بم چی بەسەر هات لوتفی جاران؟