لە ڕابردوودا وەها ڕووی داوە

سەرگوزەشتەی ورچ و مەیموون
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 6 خولەک  638 بینین
لە ڕابردوودا وەها ڕووی داوە
ئەم بەسەرهاتە وا باس کراوە
لە وڵاتێکی خۆش ئاو و هەوا
ڕەگەزی مەیموون بە خۆشی دەژیا
وڵاتێکی خۆش فێنک و بە میوە
وێنەی بەهەشت بوو لە هەموو شێوە
کانی و سەرچاوەی هەمووی لالەزار
وەرزی پاییزی خۆشتر لە بەهار
خاکی خۆیان بوو زۆر ئاشکرا بوو
پشت بە پشت لە کۆن بۆیان جێما بوو
لە سنووری وان هێندێک بەرەو خوار
وڵاتێک هەبوو وشک و گەرمە سار
ناوی ئەو شوێنە ورچئاوا بوو،
وڵاتێکی زۆر وشک و گەرما بوو
ڕۆژێک لە ڕۆژان ورچێک لە برسان
سنوور بە زیی کرد هات بۆ دارستان
هاتە ناو خاکی خۆشی بۆزینە
کە وەک بەهەشتی خولدی بەرینە
ورچی چاو برسی وتی: ئەم خاکە،
بۆ مەیموون ناشێ، بۆ ئێمە چاکە
زۆری خوارد میوە و بەری دارانی
تێر بوو گەڕاوە بۆ لای خێشانی
گوتیان: لە کوێ بووی بێ باس و خەبەر
ئێمە لێت گەڕاین هەموو دەشت و دەر
گوتی: بەڕاستی ئیمڕۆ لە گەشت بووم
نەک لەسەر زەوی لە ناو بەهەشت بووم
ڕێکەوت هەڵەم کرد لێرە بەم لاوە
داری میوەیە و سەرچاوەی ئاوە!
وڵاتێکی خۆش، زۆر سازگارە،
چوار وەرزی ساڵی هەموو بەهارە
ڕەگەزی مەیموون دەژی لەم دەشتە،
ئەو دەشتەی وەکوو باخی بەهەشتە
ئێمەش لەم دێمە لەم گەرمەسارە
هیچ لێ نەهاتووین، برسی و ئاوارە
مەیموون بچووک و بێ دەسەڵاتن!
لەو پەڕی شآدی و خۆشی و ئاواتن
ئێمەش بە دیمەن گەورە و بەکارین
کەچی هەمیشە برسی و هەژارین
پێویستە هەموو هێرشێک بەرین
چ مەیموون هەیە لە ناوی بەرین
بیکەین بە خاک و وڵاتی خۆمان
مادام بە هێزین، دەگونجێ بۆمان
پۆل پۆل دەهان، بوو بە جەماوەر
گوتیان: ئەتۆمان وا کرد بە ڕابەر
هەرچی تۆ بڵێی زۆر زۆر بەجێیە
هەر ئەمر بکە، سەرمان لە ڕێیە!
گوتی: پێویستە هەر بە «شەبەی خوون»
قەڵا چۆ بکەین ڕەگەزی مەیموون!
لەشکر کەوتە ڕێ هات بۆ دارستان
ئەبلووقەیان دا دەمی بەربەیان
بوو بە شەڕ و شۆڕ هاوار و کوشتار
لە مەیموون کوژرا و گەیشتە هەزار
پەڕاگەندە بوون، پەرت و ئاوارە
هەندێک زامدار و هەندێک بێچارە
کوڕ لەگەڵ باوک، برا لەگەڵ برا
منداڵ و دایک لە یەک دابڕا
بە شپرزەییو سەر لێ شێواوی،
بە ماڵ وێران بوون بە لێ قەوماوی
بە شادی و خۆشی ورجی بەدکردار
بوون بە خاوەنی باخ و مێرغوزار!
دانای نا تەوان تەوانا دەبێ
تەوانای نەزان، ناتەوان دەبێ
پاش ئەم ڕووداوە و ئەم بەسەرهاتە
مەیموون کەوتنە خۆ بە ماتە ماتە
بۆ پیلان دانان بۆ ڕاو و تەگبیر
بۆ ڕێک و پێکی هاتن بۆ لای پیر
سەرۆکی مەیموون کەم هێز و پیر بوو
بەڵام زۆر انا و دوور بین و ژیر بوو
گوتی: برادەران! ئێوە گوێ بگرن
نرخی گرانە پەندم لێ بکڕن!
لێم دەن بە لیس و بە بەرد و بە دار
خوێن لە سەر گوێم بچۆڕێتە خوار
دەست و پێم بشکێ، پشتم زامدار بێ
نا بێ هیچ کامتان بۆم خەفەتبار بێ
ئەمجا تکایە بە بێ گیر و دار
بم بەن فڕێم دەن لە نزیکی شار
گەورە لە پێناو گەلی هەژاری
خۆی بەخت نەکا نابێ ڕزگاری
چوار ڕۆژ پاش ئێستا بەڵێن بێ بۆتان
بگەڕێنەوە وڵاتی خۆتان!
هەرچی پێی گوتن چۆن بڕیار درا
فەرمانی سەرۆک جێ بە جێ کرا!
کاتێ خۆر کەوتن گزنگی هەتاو
ورچێکی پیرە دەهات بۆ سەر ئاو
مەیموونێکی دیت سەر و دەست شکاو
هاواری دەکرد برا کەس نەماو
ورچە ئەمەی دیت گەڕاوە بۆ شار
ئەوەی دیت بووی گوتی بە سەردار
سەردار ئەمری کرد ورچێک دەستوبرد
بە ڕاکردن چوو مەیموونی هاورد
ڕووی کردە مەیموون ورچ بە وردی
پرسی پێم بڵێ کێ وای لێ کردی؟
مەیموون گوتی پێی: گەورەی گەورانم
بە جێم هێناوە ئەرکی سەرشانم
لە ڕێی ئێوەدا دەر بە دەر بووم
تووشی کڵۆڵی و ڕەنج و کەسەر بووم
ورچ پێی گوت: مەگەر کارێک ڕووی داوە
بۆم بگێڕەوە لە سەرەتاوە
گوتی: گەورەی خۆم لێت ناشارمەوە
ئەوەی کە دیومە، بۆت دەگێڕمەوە
لە پاش ئەو شەوە کە ئێوەی بەکار
هێرشتان هێنا بوون بە گەورەی شار
مەیموون کەوتوونە خۆ کۆ کردنەوە،
بۆ هەڵمەت هێنان، تۆڵە سەندنەوە
سوپایان زۆرتر لە بیست هەزارە
دوو شەوی ماوەی هێرش بڕیارە
هاتم بە ئێوە بڵێم کارەسات
وەکوو دەم بینی وەهام بەسەر هات
وتیان سیخوڕە ئەم پیرە بۆزە
دژی نەتەوە و ڕەگەز و هۆزە!
پیرە ورچ دەمێک کەوتە بیر کردن
سەری هەڵبڕی بۆ تەکبیر کردن!
گوتی: سەر لەشکر بانگ کەن بە پەلە
تاکوو لە دەستمان نەچووە ئەم هەلە!
دەبێ هەر ئیمشەو هێرشێک بەرین
تاکیان لێ ببڕین لە ناویان بەرین
دەنگ درا لە شار، بڕیارر وەها بوو
لەشکر بەڕی بێ کە خۆر ئاوا بوو
بە مەیموونی گوت: تۆش بە زانایی
لە گەڵمان وەرە بۆ شارەزایی
هەر چەند زامدار و کەم هێز و پیری
بەڵام بە وەفا و دڵسۆز و ژیری
ئەمر ئەکەم ورچێک بتکاتە سەر شان
لە پێشەوە بی بۆ ڕێ نیشاندان
مەیموون لە وڵام گوتی: بەجێیە
بۆ خۆشی ئێوە سەرم لە ڕێیە!
لەشکر کەوتە ڕێ مەیموون ڕابەر بوو
هەر خۆی دەیزانی، چی لە ژێرسەر بوو
ڕووی کردە چۆڵێک وشک و دێمە کار
شەو تا بەیانی ڕۆیشتن بە غار
پێش خۆرهەڵاتن بەیان ڕووناک بوو
لەشکر شپرزە و ماندوو و هیلاک بوو
ورچێکی بایی ڕووی کردە مەیموون
کوان لە کوێن تاکوو بیان کەین زەبوون؟
مەیموون پێی وتن ئەی قوڕتان بەسەر
بۆ مەرگی ئێوە، بووم بە ڕابەر!
بوەستن هەتا خۆر سەر دەردێنێ
گەرما جۆرێکە دەمان سووتێنێ!
لەگەڵ ئێوەدا هاتم بۆ مردن
بمرم لە ڕێگای گەل ڕزگار کردن
گیام ڕزگار ناکەم لەم دەشت و چۆڵە
کەسێک زۆڵ نەبێ دەستێنێ تۆڵە
پاش ئەوەی مەیموون بێ ترس وەستان
گەڕانەوە ناو شار و دارستان
ئیدی ئەو ڕۆژەی وەکوو یادگار
هەموو ساڵ جەژنە بە یادی سەردار!