پیرێک دەڕۆیشت لە ڕێگوزارێ

پیرێک
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  654 بینین
پیرێک دەڕۆیشت لە ڕێگوزارێ
بە ڕەنگاری بوون چەند هەرزەکارێ
پیر تەماشای کرد بەم لاو بەم لاوە
هەڵویستێکی کرد ماندووی حەساوە
سەری هەڵبڕی بە ڕووی ئاسمان
لە ڕووی هاتە خوار فرمێسکی گریان
لاوێک لێی پرسی ئەی پیری زانا
چیت ون کردووە لە ڕووی جیهانا؟
وا ماندوو و شەکەت بۆی بە پەرۆشی
ناکرێ گەر چاوی لێ بپۆشی!
پیر بە پێکەنین تەماشای کردن
لە بیرم ناچێ تا ڕۆژی مردن
بە نرخترین کالا و سەرمایە!
لە کیسم چووە، لە دەستم دایە!
یەک «تەندروستی» دووەم «لاوێنی»
ناگەڕێنەوە خۆی بۆ بمرێنی!
ڕۆڵە ئەگەر تۆش نەمری بە لاوی
ڕۆژێک دێت وەک من دەکەونە داوی
بەر لەوەی تەمەن بڕوا بێ هوودە
نرخی بزانی یەکجار بە سوودە
کە دەوری گرتی پیری و نەخۆشی
ڕزگاریت نابێ هەر چەند بکۆشی
چیت بۆ ناکرێ بە خۆزیا و بریا
یاسای سروشتە وەها دانرا!
ئەگەر زۆر زانا و ژیر و هۆشیاری
بگرە گوێ، پەندم بۆ ئامۆژگاری!
خۆش ڕابوێرە ماوەی ژیانت
ڕێزت لێ بگرن هاونیشتمانت
ئەمە سەرمایەی دین و دنیایە!
جێی ڕەزامەندیی خەڵک و خودایە!