لە نزیک گوندێک شایی و لۆغان بوو

ڕێوی و دەهۆڵ
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  620 بینین
لە نزیک گوندێک شایی و لۆغان بوو
پیاوێک کە پیشەی دەهۆڵ لێدان بوو
بە خۆشی و شادی و بەزم و گۆرانی
شایی دەگێڕا شەو تا بەیانی
شایی تەواو بوو وەک هەموو جارێک
دەهۆڵی خستە ژێر لقی دارێک
ڕۆژێک مام ڕێوی بە شادی و دەماخ
لە گەشت دەگەڕا، لە بێستان و باخ
ڕۆیشت گەیشتە دارستانی چڕ
دەنگێکی گەورەی هاتە گوێ لە پڕ
ڕێوی وای زانی پیلان و داوە!
تایبەت بۆ کەوڵی ڕێوی کراوە
لە ترسان خێرا کەوتە ڕاکردن،
تا گیان ڕزگار کا لە دەستی مردن
ڕای کرد ماندوو بوو هەڵوێستێکی کرد
ئاوڕێکی داوە سەری بڵند کرد
هیچ کەسی نەدیت کە بێ بە شوێنی
فێڵبازە ڕێوی کەوتە تێبینی!
دەمێک پشووی دا تا حەسایەوە،
لەو ڕێگە هاتبوو ڕاست گەڕایەوە
چوو بۆ شوێنی دەنگ هێندەی نەکێشا
شتێک سەرنجی ڕێوی ڕاکێشا
گوتی: بە دیمەن گەورە و مەزنە
لە ڕواڵەتدا پێستی بزنە!
یا خود قاورمەی خاوەن بێستانە
حەشاری داوە لەم دارستانە!
هەڵمەتی بۆ برد قۆڵی هەڵماڵی
دۆڵ دڕا دیتی ناو زگی خاڵی
کە ئەمەی بینی ڕێوی حەپەسا،
گوتی: من تازە بووم بە مامۆستا!
پەیکەری گەورە، بۆش و بەتاڵە
مەسەلەی کوردە چەند هەزار ساڵە