ساڵ کژی پاییز لە ئاخە لێوە

سەرگوزەشتەی مام ڕێوی و ورچ
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 3 خولەک  569 بینین
ساڵ کژی پاییز لە ئاخە لێوە
هەڵی کرد سەرما و بەفر و کڕێوە
مام ڕێوی خۆی لەگەڵ سێ بێچوو
دەگەڕا شوێنێک دابین بکا زوو
کە لە زستاندا لێی دڵنیا بن
دوور لە ئاژاوە و دەرد و بەڵا بن
بەنگاریان بوو ورچێکی سەر چل
ئەویش لاگەڵیا سێ بێچووی سەر زل
ڕێوی لێی پرسی ئەی گەورەی زانا
خاوەن دەسەڵات هێز و توانا
من وا خەریکم بۆ ئەم زستانە
شوێنێک پەیدا کەم بیکەم بە لانە
ئەی ئێوە بەڕیز لەگەڵ بێچووەکان
لە چی دەگەڕێن وێڵ و سەرگەردان
ڕوی کردە ڕێوی ورچی هیچ نەزان
گوتی: وا منیش لە ترسی زستان
ئاوارە بووم لەم دەشت و چۆڵە
وا دەپشکێنم ئەم هەردە و دۆڵە!
شوێنێک پەیدا کەم تێیدا ستار بین
لە سەرما و سۆڵەی زستان ڕزگار بین
مام ڕێوی پێی گوت: بەڵد نی لێرە
تۆ ئەم خزمەتە بەمن بسپێرە!
من زۆر شارەزام لە کێو و مەرزە
ئەشکەوتێک هەیە لەم شاخە بەرزە
هەر دووک وەک برا بۆ ئەم زستانە
بچین دروست کەین ئارامگە و لانە!
پەیمان ببەستین هەر وەک یەک خێزان
پێکەوە بژین تا دوایی زستان!
ئەتۆ بگەڕی لە ڕاو و شکار،
من لە ماڵ دەبم بۆ خزمەتگوزار!
ماوەی چەند ڕۆژێک وایان بەسەر برد
تا ڕۆژێک سەرما و تۆفان هەڵی کرد
ورچە ئەو ڕۆژە هەر چەند خەریک بوو
بۆ ماڵ گەڕاوە چی دەستگیر نەبوو!
شەوگار درێژ بوو هەر نەبڕایەوە
بە زگی برسی سەریان نایەوە
دیسان بەیانی بۆ ڕاو و شکار
ورچە کەوتە ڕێ بە دڵێکی خەمبار
ئەمجا مام ڕیوی لەگەڵ بەچکەکان
پیلانی ڕێکخست دژی ورچەکان
کردیان بە گاڵە ها بردی بردی
بەچکە ورچێکیان برد بۆ پشت گردی
بە بێ ڕاوەستان ورگیان هەڵدڕاند
بە هەر شێ و چوار گۆشتەکەیان خوارد
ورچە ئێوارە لە ڕاو گەڕاوە،
دیتی مام ڕێوی لە ڕێ وەستاوە
دڵی خورپەی کرد وتی ها خێرە
وا بە خەمباری وەستاوی لێرە!
مام ڕێوی گوتی: جەرگم بڕاوە
لە بێچوەکانمان یەکێک خوراوە
ورچە لێی پرسی لەوانەی تووە
مام ڕێوی گوتی: لە بیرم چووە!
فەرقیان ناکەم هی کامەمانە!
بەڵام وا دیار بوو سەر زلەکانە
گەڕانەوە ماڵ بە دڵی خەمگین
ئەو شەوە کردیان بە گریان و شین
چەند ڕۆژێک تێپەڕی لەم فەند و فێڵە
دیسان هەڵی کرد سەرما و ڕەهێڵە!
ڕێوی ئەمجارەش وەک جای پێشوو
شانۆ گەریەکەی هێنایەوە ڕوو!
بەهار دیاری دا بەسەرچوو زستان
دیسان مام ڕێوی لەگەڵ بێچووەکان
لە سەر زلەکان هەر یەکێک مابوو
ئەستێرەی ژینی ئەویش ئاوا بوو
ڕێوی شاردیەوە گشت بەچکەکانی
لە شوێنێکی وا هیچکەس نەزانی
ئەمجا گەڕاوە سەر ڕیگای پێشوو،
بە هەمان گەز و کیش و تەرازوو
ورچە لێی پرسی هی کامەمانە؟
مام ڕێوی گوتی: سەرزلەکانە!
لە ڕاستی بۆ خۆت زۆر زۆر دڵپیسی
بۆیە هەموو جار وام لێ دەپرسی
هی تۆ یان هی خۆم بێ درۆ کردن
ڕۆژێک لە ڕۆژان فەرقم نەکردن
بەڵام لەگەڵ هی وەک تۆ برایەتی
سەر دەکێشێتە دوژمنایەتی
ئەوا ڕۆشتم وازت لێ دێنم
بەڵێن بێت ئیتر قەت نەت دوێنم!{ne|}