وەرن ئەی شۆڕش گێڕانی فەلەستین،

فەلەستین
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  937 بینین
وەرن ئەی شۆڕش گێڕانی فەلەستین،
لە پێناو چارەنووس کۆڕێ ببەستین
هەموو داگیرکەرانی ئێمە یەکسەر
بە زەحمەت ببتە چوار ملیۆن بە دەفتەر
نفووسی گشت عەرەب بکرێت ژمارە
سەد و پەنجا و دوو ملیۆن دیارە
لە بیست دەوڵەت زیاتر خۆ دەزانن
هەموو خاوەن سوپا و هێز و کیانن
لەوانە کامی دۆستی زایۆنیزمە،
لە ناو بۆتەی عەرەب کەم نرخ و نزمە!
ئەوانە ڕوو ڕەش و بەدکار و گێژن
لە جیاتی یارمەتی خوێنم دەڕێژن!
ئەگەر داگیرکەران چەند خوێن بڕێژن
سزای بەدکاریی خۆیان هەر دەچێژن
لە زۆر خاکی عەرەب نزیک وە یا دوور
تەماشا چۆن بە خوێنی من کرا سور
چ هێزێک ناتوانێ بمشکێنێ،
لە ڕاست دۆژمن بە چۆکم دابهێنێ!
ئەوەندە خوێن دەڕێژم بێتە لافاو
کە دوژمن وەک پەڵاش بێنێتە سەر ئاو
سەر و ماڵ و ژن و منداڵی ساوا
بە گڵپەی ئاگری دووژمن سوتاوا
دروشمێکم هەیە من کۆڵ نەدانە
هەتا سەرکەوتنم هەر بێ وچانە
خودا یاڕەبێ بە یاریدەی برایان
بە سەرکەوتن دەبێ جەنگ بێتە پایان
دەبێ ئاڵای فەلەستین هەڵ شەکا بێ
بە خوێن ئازادی تێدا نووسرابێ
ڕیکاردۆسێکی تر هێرش بهێنێ
سەلاحەددینێ ماوە بیشکێنێ!