سڵاوی ئێمەی ئازاو و کۆڵ نەدەر

نامەیەک بۆ برا فیدایییەکانی فەلەستین
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 3 خولەک  973 بینین
سڵاوی ئێمەی ئازاو و کۆڵ نەدەر
پێشمەرگەی کوردین لە مەیدانی شەڕ
سڵاوی ئێمەی بازوو پۆڵایین
خەباتمان لەلا بووە بە ئایین
سڵاوی ئێمەی مەرد و بە هەڵمەت
بە هێرش دوژمن دەکەین لەت و پەت
سەد هەزار سڵاو لە نزیک و دوور
پێشکەش بە گیانی فیدایی جەسوور
سڵاوی ئێمەی برای کوردتان
هەست دەکەین هەموو زام و دەردتان
سڵاوی ئێمەی لە کوردستانا،
لە بەرزترین لووتکەی کێوانا
بۆ برای فیدایی لە فەلەستینا
لەگەڵ خەباتی سەختی خوێنینا!
لە دەرد و زاریی ئێوە بێزارین
دژی ئیستعمار، دژی زۆردارین
ژێر دەستی پیشەی بێ دەسەڵاتە
ئازادی بەرهەم ڕەنج و خەباتە!
لە سەرکەونتان شاد و دڵخۆشین
کە نسکۆ بێنن زۆر بە پەرۆشین!
خوا لەگەڵ حەقە و ئێوەش حەقدارن
چەوسێنراوەی دەستی زۆردارن
دەربەدەر، هەژار، براکوژراون
خاک داگیرکراو، گیرۆدەی داون
بەڵام لەو ڕۆژەی شۆڕش دەگێڕن
خاکی وڵاتتان بە خوێن دە دێرن!
بە هەڵمەت بردن وەک شێری شەرزە
دوژمن لە ترسان کەوتۆتە لەرزە
هەر گەلێک لە ڕێی ماف بە دەست هێنان
نە ترسێ لە مەرگ لە کۆت و زیندان
ئەم گەلە دەژی نامرێ ناوی
وەردەگرێتەوە مافی خوراوی
لاپەڕەی مێژووی نزیک و دووری
بنووسیتەوە بە خوێنی سوری
بەڵێ ئەو گولە شیاوی ژینە،
خەباتی سەختی هەمووی خوێنینە
ئەگەر دەستم بێ برای فیدایی
بەڵێن بێ بەبێ فەرق و جودایی
وەک برای دڵسۆز من دێم بۆ یاریت
خوێنم دەڕژێنم لە ڕێی ڕزگاریت
دەبم بە هاوڕێی سەختی خەباتت
تا دەگاتە جێ هەموو ئاواتت
ئەم ئاواتەی تۆ کەی ئازادییە
وەک تۆ بۆ منیش مایەی شادییە
وای پیشان داوە مێژووی ڕابوردوو
ڕژا و تێکەڵ بوو، خوێنی من و توو
خۆ شەڕی سەلیب هەر لە بەرچاوە
لە زۆر جێ ئێستاش ئاساری ماوە
کوردم من نەوەی سەلاحەددینم
برای بە وەفای عەهدی دێرینم!
برای فیدایی نەک هەر من تەنیا
بۆت بە پەرۆشم وەک باوک و برا
هەموو ئازادی خوازانی جیهان
پشتیوانی تۆن وەک من بێ گومان
برای فیدایی قۆڵ تێک هەڵکێشین
تا ڕیشەی دوژمن لە بن دەرکێشین
دەست لە ناو دەست کەین پشت بە خوا بەستین
هەردوو عەوداڵی شوێن یەک مەبەستین!
من بۆ کوردستان، تۆ بۆ فەلەستین
تا ڕزگار دەبن هیچ ڕانەوەستین
تۆ بۆ من برای منیش براتم،
بۆیە ڕزگاریت بۆتە ئاواتم!
هیوای ئازادی گشت فەلەستینە،
لە دەست سەهیۆنی پیسی لەعینە!
مژدە بێ مژدەی سەرکەوتن
نزیکە ڕۆژی دوژمن دەر کردن
ئەمجا پێکەوە لە قودسی پیرۆز،
بە یەکتر دەڵێین جەژنمان پیرۆز!