سڵاوی زۆر و چەپکێک گوڵی سوور

ڤیەتنام
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  906 بینین
سڵاوی زۆر و چەپکێک گوڵی سوور
دەنێرم لە بۆ خۆر هەڵاتی دوور
سڵاو لە ڤیەتنام مەکۆی دلێران
لانەی نەبەردان، مەڵبەندی شێران
سڵاو لە ڤیەتکۆنگ لەڕێی ئازادی
ئاواز نەبەردن هەرگیز نابەزن
هەرچەند زۆریشە ژمارەی دوژمن
فڕۆکە و تانک و ئاگر و ئاسن
بەڵام کار ناکا لە بیر و ئایین
دا نا چڵەکێنێ دڵی پۆڵایین
سوپای داگیرکەر لە ڕێی بێدادی
ناوەستێ لە ڕووی هێزی ئازادی
گەلێ ئاشنای چین و شورەوی
ئازادی خوازی هەموو ڕووی زەوی
هەموو پشتگیری گەلی ڤیەتنام
لە قارەمانی ڤیەتکۆنگ سەر سامن
ئیمپریالیزمی خاوەنی دۆلار
هەر دەتوێتەوە وەکوو بەفری پار!
ژیان دوا ڕۆژی خۆشی بۆ گەلە
حوکمی سروشتە پێی ناوێ پەلە
شەمال زوو بە زوو وەک پەیکی ڕەوان
بڕۆ بە پەلە بەبێ پشوودان
بەرەو ڤیەتنامی بە خوێن سوور کراو
بەرەو ڤیەتنامی گڕ تێ بەر دراو
ئەوسا گەیەشتی بە بێ ترس و لەرز
بچووە بارەگای ڤیتەکۆنگی نەبەز
بڵێ: ئەرکی ڕێی دوورم کێشاوە
سڵاوی گەلی کوردم هێناوە!
بۆ ئەو لاوانەی کە چەک لە شانن
گیان بەخت کەری ڕێی نیشتمانن
تا بە خوێنی گەش سوور نەبێ وڵات
هەرگیز ئەو گەلە ناگا بە ئاوات
مژدە بێ بڵێ زۆری نەماوە
زۆردار لە دەنگی گەلان ترساوە
چڵی زەیتوون و کۆتری بیکاسۆ
مژدەیی ئاشتی دەگەیەنن بە تۆ