خونچە گوڵێک، لەسەر چڵێک

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  754 بینین
خونچە گوڵێک، لەسەر چڵێک
گوێی گرتبوو، لە بولبولێک
بولبول بە دڵێکی پڕ لە جۆش
جیهانی کردبوو فەرامۆش
وەستا بوو بەرامبەر بە گوڵ
فرمێسکی دەڕژاند زۆر بە کوڵ
دەیخوێند هەردەم بە ئاوازێک
بۆی ئاشکرا دەکرد ڕازێک!
خونچەی دڵ تەنگ بێ بەزەیی
لە نهێنی بولبول گەیی
پەردەی لە ڕووی لا کردەوە،
لەسەر خۆ لێوی کردەوە!
گوتی: بولبول هەرزەکاری
لێت بۆتە خوو شین و زاری
هەردەم لەسەر لقی چڵی
هەر ڕۆژە بەرمبەر بە گوڵی
فرمێسکی خوێنین دەڕێژی
گۆرانی خۆش خۆش دەبێژی
هەر بۆ ئەوەی بەد کەی نێوم
لێوت بخەیتە سەر لێوم
زۆر خۆت دەکەی ماندوو و شەقی
چقڵێک لە ژێر پێت دەچەقی
من تا ئێستا پارێزراوم،
چقڵی خۆمە دەوری داوم!
نە تۆ نە باخەوانی پیر
ناتوانن بمکەن دەستگیر!
خونچەی باخی کوردەواریم
بەراتی مژدەی ڕزگاریم!