وەیشوومەی خەزان، باخی شێواندم

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  864 بینین
وەیشوومەی خەزان، باخی شێواندم
گەڵای درەختی هیوای وەراندم!
بەهاری سەوز و سووری زەرد کردم
خونچەی ناکامی بە تاڵان بردم
سروەی بەیانم بووە گەردە لوول
ئادارم گۆڕا، دیسان بە ئەیلوول
کردی بە شێوەن بولبول لە چڵدا
چقڵی ئازاری گوڵی لە دڵدا!
باخەوان کردی بە شین و زاری
قینی خەزانی لە ڕووی دەباری
تف لە ڕەوشتی چەرخی بەدکردار
خۆی کرد بە کوتەک بۆ دەستی زۆردار
خەزانیش دەڕوا بەهار دێتەوە
«گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە»