با بۆی دەرچین، با ڕزگار بین

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  872 بینین
با بۆی دەرچین، با ڕزگار بین
بۆ چی لە ژیان بێزار بین
ژینی وا پڕ تاڵی و تاسە
دوور لە شادی یەک هەناسە
ئێمەیش مرۆڤین دەزانین
پێویستی خۆشی ژیانین
تاکەی وەها چارە ڕەش بین
لە شادی و خۆشی بێ بەش بین
وا چاکە دەستی یەک بگرین
ڕێگای زۆر دوور و سەخت ببڕین
بڕۆین بڕۆین تا دەتوانین
بەرەو ئاسۆی گەش بڕوانین
ڕێگەی زۆر پڕ ترس و لەرزە
چیای هیوا لوتکەی بەرزە!
بەڵام لەوێ کە سەرکەوتین
خاوەنی ماف و دەسکەوتین
دەچین بۆ جیهانی تازە
جێی هیوا و خاست و نیازە
ئەوەی لەوێ بەهرەوەر بێ
دەشێ لە ژین بەختەوهر بێ
دوور لە بەدکاری و ئاژاوە
هەموو مافێک پارێزراوە!
لەوێ تێکۆشان و خەبات
دەتبات لە بۆ ڕێگای نەجات
نە شەڕ و شۆڕ، نە خوێن ڕێژی
نە تاوانکاری و بەد بێژی
نە خوێن مژین، نە زۆرداری
نە بێکاریی، نە هەژاریی
هەر کەس بۆ خۆی تێ دە کۆشێ
دەخوا، دەخەوێ، دەنۆشێ!