گوێ بگرە ئەی لاوی ژیر

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  675 بینین
گوێ بگرە ئەی لاوی ژیر
پەند و ئامۆژگاری پیر!
وەک زێڕ بیخە گیرفانت
بۆ ڕۆژی لێ قەومانت
ڕووداوی سات و کاتە،
دەستکەوتی بەسەرهاتە!
لە ڕۆژانی پێویستی،
بۆ ژین و تەندروستی
لە پێناو خۆشی و شادی
بۆ سەربەرزی و ئازادی
ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە
بۆت دەبێتە سەرمایە!
چرای شەوی تاریکە،
ڕابەری ڕێی باریکە!
لە بیرت بێ هەمیشە،
بۆ خۆت بیکە بە پیشە!
هاوڕێی نەزان بێ سوودە
ڕەنجت دەڕوا بێ هوودە
ڕێگەی پێش خۆت ببینە،
ئەمجا هەنگاو هەڵێنە!
مەبە مەلی بەرزەفڕ
دەکەویە خوار کتوپڕ!
ئەمەت بیستوە لە مێژە
«زۆر ببیە کەم بێژە!»
کارێکت گەر نەزانی
لێی مەدوێ بە نەزانی
لە ئەم و ئەو بپرسە
زوو فێر دەبی مەترسە
فەرموویانە لەمەو پێش
«خێر بە خوێش نەک بە دەروێش»
لە ڕەنجی دەست و شانت
بخۆ لە نان و خوانت
چاو چنۆکی و بەخیلی
دەتخاتە چاڵی دیلی
چاکە بکە چەند دەتوانی،
نابینی پەشیمانی!
تۆ بۆ خۆت چیت پێ خۆشە
کردەوەت وابێ خۆشە!
دەست و داوێنت پاک بێ
کردەوەت بەرز و چاک بێ
لە درۆ خۆت بپارێزە،
درۆزن سووک و بێ ڕێزە!
لەگەڵ ڕاستی ئاشنا بە
لە کۆمەڵ جێی بڕوا بە!
هەر کەس کاری کەوتە لات
بە پێی هێز و دەسەڵات
بە جێی بێنە پێویستی
لە لای خوا خۆشەویستی
کێ خاوەن هەستی پاکە،
خۆی هۆگر کا بۆ چاکە!
هەموو ئامۆژگاریی پیر،
بۆ تۆیە ئەی لاوی ژیر
با گەلت سەرفراز بێ
جێگای هیوا و نیاز بێ!