خانمی مەیگێڕ وەرە بۆم تێکەوە

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 7 خولەک  1039 بینین
خانمی مەیگێڕ وەرە بۆم تێکەوە
ڕێگە دوور و زۆر بە ترسە ڕێم کەوە
پەستم و کەوتوومەتە ناو چاڵی غەم
بگرە دەستم زویر مەبە لێم تاکوو هەم
زۆر پەرێشانم بە دەست ئەم چەرخەوە
بەختی بەد ڕەفتار بەسە وەر چەرخەوە
تۆ کە دەم بینی بە بێ هێز و زەبوون
سیس و ژاکاو کەوتوومە ناو گۆمی خوون
وا بە زامی خۆمەوە دەتلێمەوە،
بێ کەس و ئاوارەمە دەخولێمەوە
گوم بووە لێم ڕێگەیی ڕاستی نەجات
کێ دەزانێ چارەنووس بۆ کێم دەبات
ئاشنایێک بێتە ڕێ نیشاندەرم
پێم بڵێ ڕاستی پەنا بۆ کوێ بەرم؟
چاکە خۆم ئامادە کەم بۆ بەرگری
دوژمنم لاسارە دەست هەڵناگری
ڕیزی خۆم ڕێک خەم بە زانست و بە هۆش
هێزی خۆم یەک خەم وەکوو هەنگ بێمە جۆش
تا بە یەک هێرش لە مەیدانی نەبەرد
دوژمنم پەرت کەم ببێتە تۆز و گەرد
خانمی مەیگێڕ بە جامێ ڕووکە من
تا نەشێواوم و وزەم پێ ماوە من
هەر کەسێک بەردێک بهاوێژێتە من
پێی دەبەستم دەستی زوو دەبڕم لە بن
دەیکەمە پەند تا ببینن دوژمنان
من کە کوورەی ئاگرێکم بێ ئەمان
دێمە مەیدانی شەڕی مان و نەمان
تا بە جارێک تارومار کەم دوژمنان
چۆن ببینم نیشتمانی بەش بەشم
بویتە مۆڵگەی دوژمن و من بێ بەشم
دەبمە نا پاڵم وەیان بۆمبای ئەتۆم
تا بسووتێنم ئەوانەی دژ بە خۆم
ئەو دەمە دەرمان دەبن زام و برین
سەر لە نۆ دەست پێ دەکا دووبارە ژین
خاک و مەرزم لەو پەڕی تا ئەو پەڕی
نایەڵم دوژمن بە ناویا تێ پەڕی
دەستی دەبڕم قاچی دەشکێنم بە بەرد
چۆن دەبێ لێم بۆگەکا پاوانی هەرد
سەر لە نوێ بۆی دێمەوە کۆڕی خەبات
سەد بەڵێن بێ کۆڵ نەدەربم تا مەمات
گشت برینی کۆن و تازەم هاتە سوو
بۆ پزیشکێ بێ بکا دەرمانی زوو
خانمی مەیگێڕ بە جامێ ڕوو کە من
تا نەشێواوم وزەم پێ ماوە من
گەرچی پێویستم هەیە بۆ سانەوە
خۆشترە بمرم بە دەرد و ژانەوە
خۆشترە بمرم لە کۆڕی جەنگەوە،
نەک ژیانێک پڕ لە عار و نەنگەوە
گیان بەخت کردن لە ڕێگای نیشتمان
بۆ هەمیشە زۆر پیرۆزە کۆڵ نەدان
دوژمنت گەر هەست بکا هێزت هەیە
ئەو حسابەت بۆ دەکا ڕێزت هەیە
دێمە مەیدان بۆ فیداکاری و نەبەرد
تا لە دوژمن تەنگ بکەم ڕێی دەشت و هەرد
شاری مێرووی لێ ببێتە قەیسەری
ناهێڵم گیانی بە هیچ لا دەرپەڕێ
گەر ئەمن زوو نەیکوژم ئەو دەم کوژێ
خوا موعین بێ نایەڵم چیتر بژی
ئەو کەسەی من بۆی دەگریەم ڕۆژ و شەو
وا حەرامم کرد لە خۆم خۆراک و خەو!
ئەو چەکی هەڵگرتوە دێت دەم کوژی
پێم دەڵێ تۆ زۆر بڵێی نابێ بژی!
ئەی برای کورد بەسیە تاکەی بیر کەوە
خۆت لە زەلکاوی نەزانی دەرکەوە!
«خانمی مەیگێڕ بە جامی پڕ لە مەی
ئارەزوومەندم فەرامۆشم نەکەی!»
هەر ئەوەی گیانی لە ڕێگا بەخت دکەی
ڕێی بە ترس و لەرزی وا بۆ تەخت دەکەی
ئەو هەلی بۆ هەڵکەوێ دەتکا بە قووت
کاتێ زانیت کەوتیە ناو زاری حووت!
سوود نابەخشێ پەشیمان بوونەوە
ماوە نامێنێ لە بۆ دەرچوونەوە!
من بە پێویستی دەزانم ڕۆژ و شەو
هەر بە چاکە ڕێنماییت بۆ بکەم
بەرگری کردن لە کاری بەدڕەوشت
ئەرکی سەرشانە لەسەر ورد و درشت
تا لە خاک و مەرزی خۆم نەینێمە دەر
دەستی لێ هەڵ ناگرم خاکی بەسەر
دەیکەمە پەند بۆ هەموو دەستدرێژەکان
چی دیکە ژێر پێی نەخەن مافی گەلان
ڕێی نەجات دەگرم لە دوژمن ڕا نەکات
تا قیامەت فیتنەیەک بەرپا نەکات
بۆ ڕەزامەندی خودا و پێغەمبەران،
زۆر پیرۆزە بەرگری دەستدرێژەکان!
بەم گوتە بڕوا مەکە حەق ژێر کەوێ
هەر درۆیە! نابێ ناحەق سەر کەوێ
«خانمی مەیگێڕ وەرە واهات بەیان
تێ کە جامێک لابەرێ گشت دەرد و ژان!»
ناگەیە ئامانج بە دانیشتن بڕا،
«لَيْسَ لِلْإِنْسانِ إِلَّا ما سَعى»
بەرهەمی ڕەنج و فیداکاری و خەبات
سەربڵندی و بەختیاریت دەست دەخات
من لە لایەن خۆم لەگەڵ داگیرکەران
دژ دەوەستم تاکوو ماوم بێ وچان
کورد لە کوردستان بمێنێ یەک نەفەر
نابێ داگیرکەر بکا گەشت و گوزەر
کورد هەیە! کورد خوا موعین بێ هەر دەژین
نایەڵێ قەد خەونی دوژمن بێتە دی
جارها دوژمن کە سەریان دا لە بەرد
هاتنە کوردستان و بوونە تۆز و گەرد!
هەر وەکوو جارانی پێشوو و زێدە تر،
نەوت و پووشە دوژمنم خۆم دەبمە گڕ
ئاگری تێ بەردەدەم نەکوژێتە،
وا بسووتێ تا ئەبەد نەکوژێتەوە
بۆ قەل و داڵ چۆن دەبێ لانەی هەڵۆ
چۆن بکا ڕێوی لە جێی شێر هات و چۆ؟
خامی مەیگێڕ لە دوژمن دڵ پڕم،
تاکوو ماوم دەستی لێ هەڵ ناگرم!
تێکە بۆ من لەو مەیەی دووبارەیە
تا بجەنگم شەرتی هەر ئەم جارەیە
چۆڵ بکەم مەیدان و دوژمن سەر کەوێ
زۆر بە زەحمەت جارێکی تر دەرکەوێ
وەک هەڵۆ چەنگی لە خاکم گیر بکا
زۆر بە ئاسانی منیش دەستگیر بکا
هەر کەوابێ ئەرکی سەرشانی تووە
گیان فیدا کەی ئەی برا هەر چەن زووە
تارومار کەین دوژمنان پەرت و بڵاو
با زەوی دێم کەین لە خوێنی وان بەراو
بەرگری کردن لە کاری بەدڕەوشت
ئەرکی سەرشانە لە بۆ ورد و درشت
زۆری وا هەن ئێستێکە هەرگیز نەبوون
هاتنە نێو مەیدانی زانست و فنوون
ئێستە ئەندامن ڕیزی دەوڵەتا
خاوەنی هێز و سووپا و فەرمانڕەوان!
نێو چاوانی من بە تەنیا مۆر کرا
شەقڵی ژێردەستیم لە چوار لا لێدرا
ئاشناییەکم نییە لەم عالەمە
چونکە خۆم بڕوام بە بوونی خۆم کەمە
ڕوو لە هەر ڕێگا دەکەم بەستراوە لێم
سەر بە هەرکوێدا دەکەم ناپرسی کێم؟
«خانمی مەیگێڕ خەم و دەرد و کەسەر
دەوریان داوم بە زەحمەت بچمە دەر»
گورگی بەدرفتارە دوژمن برسییە،
مەڕ شوانی گەر نەبوو ترسی نییە!
خۆی دەزانێ بوونی من بۆ مافی ئەو
ترسناکە ڕۆژی گەر هەستم لە خەو
بۆ قەل و داڵ چۆن دەبێ لانەی هەڵۆ
چۆن بکا ڕێوی لەجێی شێر هات و چۆ
تێ گەیشتم ئێستە هۆشیارم ئەمن
وای بە چی دەردێک گرفتارم ئەمن
دژ بە یەکتر بوونمان چۆن فێر ئەکەن
یەک نەناسین بۆیە چاومان کوێر ئەکەن
زۆر لە مێژە موبتەلام بەم دەردەوە
وەک لە خەو هەستام و چاوم کردەوە
تێ گەیشتم من هەڵەم زۆر کردووە!
بۆ چی بۆ پارە برای خۆم کوشتووە؟
یەک لەوانە پەشیمان بوونەوە
ئێستە بۆ ڕیزی شەرەف هاتوونەوە
گوێ گرە چیت بۆ دهبێژی ئەی برا
دەستی یەک بگرین هەموومان وەک برا
ئەو برایەی هەر لەڕێی سەربەستی من
خۆی بەخت کرد چۆن نەبزوێ هەستی من
خانمی مەیگێڕ خەم و دەرد و کەسەر
دەوریان داوم بە زەحمەت بچمە دەر
زوو بە زوو جامێ لە مەی ڕەنگ ئەرخەوان
با بنۆشم هەست دەکەم ئێستا ژیان
شەرمەزارم ڕووم نییە سەر هەڵبڕم
ئێستە خۆم ناسی لە دوژمن دڵ پڕڕم
گەر فیداکاری نەکەم بۆ نیشتمان
لێم حەرام بێ ئەی برای کوردم ژیان!