ئەی کەمانژەن لێ دە ئاوازی «نەوا»

ڕەنج دەکێشم
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1056 بینین
ئەی کەمانژەن لێ دە ئاوازی «نەوا»
بێژە «ڕاست» تا دێیتە سەر «شۆر» و «سەبا»
ئەو دەمە ئارام بوەستە تا بەیان
دەم لەسەر دەم دەست دەچێتە سەر «بەیان»
شەو کە ڕادەبڕێ کش و ئارام و مات
کێ دەزانێ تا بەیان چی ڕوو دەدات؟
من کە بێ ئارامم و دڵ پڕ لە دەرد
دژ بە من وەستاوە چەرخی لاجوەرد!
شەڕ فرۆش و زویرە لێم دڵ پڕ لە قین
بەد ڕەوشتی گەیوەتە حەددی یەقین
سەر نزم ناکەم ئەگەر سەر هەڵبڕم
بێ گومان سەد بەرد دەهاوێ بۆ سەرم
ئاشنا نابین لەگەڵ یەک چونکە من
نابمە هەمسایەی ئەوانەی بێ خەمن
ڕەنج دەکیشم، تێ دەکۆشم، ڕۆژ و شەو
تا بەدەست دێنم هەموو مەرجی گەرەو!
ئەو دەمە زۆر سەرفراز و بەختیار
دەچمە ڕیزی چینی داماو و هەژار!
خۆ بە زۆر دانان و بایی بوون بە خۆ
ئافەتێکە مەرد دەکا سووک و خەڕۆ!
چەند بەنرخی گەر بزانی نرخی خۆت
چەشنی موو دەپسێ لە پێت زنجیر و کۆت
ڕاست بڕۆی گیر و گرفت چەند بێتە ڕێت
دڵنیا بە چقڵێ هەڵناچێ لە پێت
ئەی کەمان ژەن بیرکەوە وا هات بەیان
شەو بەسەرچوو چیت نەکرد بۆمان بەیان
پێی گوتم: عەونیناسناوی ئەدەبی وەرە ئێستا بڕۆ
زۆر نەماوە دێیتەوە سەر گفتوگۆ!