یاران لە شین دام یاران لە شین دام

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  579 بینین
یاران لە شین دام یاران لە شین دام
نیوە سەر بڕاو، لە خاک و خوێن دام
ئەو تیرەی غەمزەی لە ئەبرۆی کەوان
نیشانت لێ گرت وەک نێچیرەوان
هیچ سەری نەکرد پێکای نیشانە،
لانەی یادی تۆی کردم وێرانە
ئێستا دڵەکەم بێ لانە و مەرزە
ئاوارە و گەڕوک وەک لاوی هەرزە
هیچ ئارام نابێ دڵەی ئازووردە
زۆر خەمبارترە لە ئازیز مردە!
هەر بە یادی تۆ ژیانی مابوو
ئەستێرەی هیوای دیسان ئاوا بوو
هەر کارێ بکرێت بێ تاقیکاری
چاوەڕێ دەکرێ ئێش و ئازاری
ئەمە ئەنجامی هەموو نەزانە
کە خۆی بسپێرێ بە دەست بێگانە!
کە بەرژەوەندی خۆی هاتە کایە
فوتوای مەرگی تۆی لەلا ڕەوایە
لە مردنی تۆ زۆر زۆر بێ باکە
وەربگرە نەزان ئەمەت بۆ چاکە!