دانیشە لام خۆشەویستم
باسی کۆیە
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
3 خولەک
1174 بینین
دانیشە لام خۆشەویستم
دەستت بێنە بیخە دەستم
داستانێکە نەک ئەفسانە
باسی کۆیەی خنجیلانە!
وەکوو دڵێن: هەبوو نەبوو
لە ڕۆژگاری ڕابوردوو،
ئێمە منداڵ بووین و لاو بووین
چوستە و چالاک و پاراو بووین
وەرزی بەهار، ڕۆژی هەزار،
سەر چڵ دەگەڕاین وەک هوزار
«ئۆمەر خوچان» باخی «شەمە»
سەیرانگای شار بوون ئەو دەمە
«شاخی مشکە» وەک کێوی «توور»
ئەدرەوشایەوە دوور بە دوور
سەر «قۆنگرە» و «کانی بسکان»
«کەندەکۆخ» و «سەر پلووسکان»
لە «حەمامۆک» تازە یاران
دەبوو بە کۆڕی شایەران
«هەیبەت سوڵتان» تا «پوور تاوس»
جوانتر لە شاری «کەیکاوس»
ناو باخەکانی «تۆبزاوە»
وێنەی بەهەشت بوو ڕازاوە!
خێزان خێزان، دەستە دەستە!
دادەنیشتن وەک گوڵ بەستە
سەماوەری زەردی میر سوار،
قۆریە سوور پیاڵەی گوڵدار
چێشت و نان و هێلکەی کوڵاو
ماست و پەنیر، گۆشتی برژاو
ژن لەگەڵ ژن، پیاو لەگەڵ پیاو
هێندی خێزانیش تێکەڵاو!
پاش خواردن و خواردنەوە،
ئەمجا هەموو کۆبوونەوە!
دەبوو بە بەستە و گۆرانی
هەڵپەڕکێ و شایی و شێخانی
دەست لە ناو دەست بوو کیژ و لاو
دڵدار و دولبەر تێکەڵاو،
دیمەنی کیژی ئەو کاتە
دەت گوت فریشتەی ئاواتە
تاسی لە سەر، تاسی زیوین
لاگیرە و دەسرۆکە و پۆشین
گوارەی زێڕی بە لەرزانە
پۆیلە و ملوانکە و گەردانە
باونج لە زیی سوخمەی سووری
دەیبەست لە سینگی بلووری
کەمەرەی زیوو هەیاسە،
هەر کەس دەیبینی و دەتاسا
گۆزینگ بە خاش خاش و خڕخاڵ
سەر و سەرپۆش، مل و دەسماڵ
لە پێ سۆل و پانی بەرزی
لەنجە و لار و باڵای بەرزی
کچی کورد بەم وێنە و شێوە،
ئەوسا وا دەچوو بە ڕێوە!
لە بێگەردی و داوێن پاکی
چوو بوونە باوەش خوای چاکی
دەبوو بە شاییی ڕەشبەڵەک
تێکەڵ دەبوو حۆر و مەلەک
وێنەی فرشتە و بەهەشت بوو
پۆل پۆل سەیرانکار لە گەشت بوو
«عەزە» کە زۆڕنای دەژەنی
دڵی دڵدار ڕادە چەنی!
دەنگی دەهۆڵ دەبڕایەوە،
شایی تەواو دەکوژایەوە
دەبوو بە بەزمی ساز و نەی
ساقی دەیگێڕا جامی مەی
«بەندی لەشکری» بە شمشاڵ،
بۆی دەگوتین «حەمەی خەیاڵ»
دەگ خۆشان گۆرانی بێژان
هونەرمەندان و بوێژان،
دەنگی خۆشی خاڵە «سێوە»
سەدای دەداوە لەو کێوە!
کراسی شەنگی «شەنگ مێرەم»ە
مەقامێکە وێنەی کەمە!
«نیوەشەو» «سوارۆ» و «سەحەر»
«ئازیز» و «پاییز»، «بووک گەوهەر»
ڕێکوپێک و ساف وردن
ئاوێنەی ڕابوردووی کوردن
دەنگی خۆشی «کاکە مەلا»
بە ئاوازی «شوور» و «سەبا»!
«بەیات» و «دیوان» و «نەوا»
«دەشت» و «ماهوور» و «چوارگا»
ئەمجا بەستەی «شلەوخانان»
دەیان گوت لەسەر گوێی بانان
«گۆجە» و «کەچەڵ»، «سێوە» و «مەلا»
هەر چوار بەیەک بەزم و نەوا
کاتی ئێواران ڕۆژئاوا،
بووکیان دەهێنا بۆزاوا
«ئەحمەد» بە «ئای شیرین بەهار»
خۆشتر لە ئاوازی هوزار
لە ئێوارە تا نیوەی شەو
خۆشتر لە بەزمی کەی خوسرەو
بەزم و ئاهەنگ و شادی بوو
دوور لە خەم و بێدادی بوو
نەک وەک دۆست و ئاشنا بووین
هەمووی لەگەڵ یەک برا بووین
نە سینەما و سینەما بوو،
ئەوسا هەڵپەڕکێ و سەما بوو!