گەلێک ڕووی کردە ڕێی چارە ڕەشی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
884 بینین
گەلێک ڕووی کردە ڕێی چارە ڕەشی
ئەم کردەوانە دەبێتە بەشی!
گێڵ و هیچ نەزان، دەبێتە سەرکار
پوشت و ترسنۆک دەبێتە چەکدار
زانیاری و زانست نامێنێ برەو
زانا سووک دەبێ لە لای ئەم و ئەو
دارایی دەچێتە لای پیاوی لەچەر
ڕیزیان دەگیرێ پیاوی شێت و کەر
دوژمن دەبێتە کارگێڕی کاری
دۆست بێ دەستەڵات نامێنێ چاری
ڕەوشتی پاک و خووی جوانمەردی
لێی بێزار دەبێ درشت و وردی
کردەوەی پووچەڵ دزی و بەدکاری
برەو دەستێنێ نرخ و بازاڕی
بە ڕاست بێژ دەڵێن وتاری ڕەقە
درۆ و دەلەسە وتەی نەستەقە!
خوایە کورد دوور بێ لەم کردەوانە
هەرگیز نەچێتە ئەو ڕێگە و بانە!