هاوین شەوێکی مانگە شەو،

گەشتی مانگەشەو
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  943 بینین
هاوین شەوێکی مانگە شەو،
دانیشتم چاوم نەچووە خەو!
کەوتمە بیری دوور ئەندێشی،
کە سەرنجم ڕادەکێشی!
بەرەو جیهانێکی بەرین،
کە ئێمە لێی بێ خەبەرین،
ئاسمانێکی بێ سنوورە
ڕێگەی زۆر بە ترس و دوورە!
هەستام چووم ڕووم کردە چۆڵێک
کەوتمە داوێن هەرد و دۆڵێک
منی ئاوارە و سەرگەردان،
بە بیرمدا نەهات ترسان
زۆر گەڕام لە چۆڵ و دەشتە
ئەو دەشتەی وێنەی بەهەشتە!
کەوتمە داوێن کوهسارێک
ڕێم دەر نەکرد لە کەنارێک
تا ماندوو بووم لە پێ کەوتم
هەورازێک بوو، سەر نەکەوتم!
لەو کاتەدا مانگ ئاوا بوو
ڕێگای دوورم لێ کۆتا بوو
دەبێ چاو لە ڕێی کاروان بم
گوێ گری بانگی بەیان بم