لە بۆ قوربانی تۆ ئادەمە هەر کاتێ کاتم بێ
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
916 بینین
لە بۆ قوربانی تۆ ئادەمە هەر کاتێ کاتم بێ
بە مەرجێ کاتێ هاتی، بم کوژی بەڵگەی خەڵاتم بێ
ئەگەر سەد هێندە ئازارم بدەی زاری لە تۆ ناکەم
لە دووریت بشمرم بڕوا مەکە ڕۆژێ شکاتم بێ
ئەتۆ بڕیاری مەرگم دەربکەی خۆم دێمە پێشوازی
لە دەست ئەم ڕۆژگارە بەدخووە باز و نەجاتم بێ
لە ژێر باری گرانی دەرد و خەم دانا چڵەکێ شانم
بە سەریا زاڵ دەبم بۆ خۆم دەبێ عەزم و سەباتم بێ
وڵاتم کەعبەیی ئامالمە جێی نایەڵم ڕۆژێ
لە جێگای دڵنوازیم سا ئەگەر مەرگم بەراتم بێ
لە دەستی هێرشی موژگانی دەر ناچم بە ئاسانی
ئەگەر بێتو هەزاران کۆنگر و بورج و قەڵاتم بێ
زەوی «دێم»یم ئەوەندە کێڵاوە کردوومە بە کشتوکاڵ
بەشی ناکا ئەگر گشت ئاوی سەرچاوەی فوراتم بێ
پەنا بۆ کوێ بەرم ئەی شۆخی دڵ ڕەق ڕێنماییم کە
کە هات ڕۆژێ لە ڕۆژان من لە دەستی تۆ شکاتم بێ
بە شوێنی چارەنووس کەوتووم و ڕاستی ڕێگە بەر نادەم
بە پێی زانست و زانین هەر دەبێ لەم ڕێگە هاتم بێ!