دڵ بە ئازارە هەمیشە کە دەکا داد و برۆی،
بای شەماڵ
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
842 بینین
دڵ بە ئازارە هەمیشە کە دەکا داد و برۆی،
خەمی یاری بە هەزار خستوەتە سەر خەمی خۆی!
بای شەماڵ ڕۆژێ بە کۆی دولبەری من تێ دەپەڕێ،
هیچ فەرامۆشی نەکەی عەرزی سەلامم هەیە بۆی
پێی بڵێ لەو دەمە پاساری دڵم گیراوە
زۆر پەرێشان و بە ئازارە لە دەست چاوی هەڵۆی
دەرفەتە ئێستە ئەگەر مەیلی هەبێ چاری بکا
خۆ ئەگەر لوتفی نییە بیدەوە دەست خاوەن خۆی
تووڕە بوو دایەوە دەستم دڵی ئازار و نەخۆش
گوتی: پێویستە هەر ئێستاکە دەبێ لێرە بڕۆی
دڵ گوتی: نایەمەوە لێم گەڕێ وازبێنە بڕۆ
مردن و دەردە سەریم خۆشترە نەک بێمەوە کۆی
کون کون و لەت لەتە جەرگ و دڵی من بەر لە دەمێ
بە تیر ئاوێژی بژانگ و چ بە شمشێری برۆی!