مانگی تازە دەرکەوێ وێنەی هیلالێکی دەوێ

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  943 بینین
مانگی تازە دەرکەوێ وێنەی هیلالێکی دەوێ
گەر تەمەن دوو حەفتە بوو ئەوسا کەماڵێکی دەوێ
ماوەیەک پشت گوێ خرابوو تیغی ژەنگاوی خەیاڵ
بۆ جەلا ئێستاکە سەقڵ و مشت و ماڵێکی دەوێ
ڕاستە حەق ژێر ناکەوێ پێویست بە تێکۆشان دەکا
ئاشکرایە بانگی ڕاستی خۆ بیلالێکی دەوێ
گەر کەسێک ویستی کە ڕۆژێ ڕێنمایی بۆ بکەی
کەمترین ماوە لە بۆ ئەم حاڵە ساڵێکی دەوێ
دڵنیا بە هەر وەکوو یوسف لە ڕێگای چارەنووس
بۆ هەموو سەرکەوتنێک زیندان و چاڵێکی دەوێ
سەیری بورجی کەوکەبەی بەختم بکا ئەستێرە ناس
دوو دڵی بوون بۆ هەموو کارێکی فاڵێکی دەوێ
ناگەیە ئامانج هەتا فوتوا نەدا پیری موغان
سەرپەرشتی مەیکەدەی کەی دیدە کاڵێکی دەوێ!