سەری هەڵداوە شێوەی بێوەفایی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
941 بینین
سەری هەڵداوە شێوەی بێوەفایی
نەما لای کەس نیشانەی ئاشنایی
دەبێ مل کەچ بکا ئیمڕۆ هونەرمەند
لەبەر دەردی هەژاری و بێنەوایی
ئەوانەی بەهرەمەندن تاکوو ماون،
لە بەندی خەم کە نابینن ڕەهایی
کەسانێکی نەزان و هەرج و مەرجن،
لە ڕیزی پێشەوەن بۆ ڕێ نومایی
بنووسێ شاعیرێک هەڵبەستی هەر چەند،
کە دڵ پڕ کا لە شادی و ڕۆشنایی
بە پوولێ نای کڕن ئیمڕۆ لە بازاڕ
هەزار حاجی و گۆران و وەفایی
کە دەنگی هاتە گوێم فەرمووی برادەر
بڕۆ ئارام بە مەگرە ڕێی جودایی
کە مرشد حەز بکا با ڕەشبەڵەک بێ
دەبێ شێخ بگری خۆی سەرچۆپی شایی
وەرە عەونی من و تۆ لێرە دەرچین
کە هەرگیز ناگرین ڕێی ڕووسایی