لە پێناو خۆشەویستی و میهرەبانی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
905 بینین
لە پێناو خۆشەویستی و میهرەبانی
دڵم دابوو سەریشم نایە بانی
قەڵەم مەرجم هەیە گەر پێت بنووسم
دەبێ وازبێنی بەس کەی دوو زمانی
ڕەقیبیش خۆی مەڵاس دابوو لە پەنهان
هەتا ڕازی نهێنی دڵ بزانی
منیش بۆیە لە ترسی چاوی بەدکار
لە تاریکی شەوا چووم بۆ ژوانی
لە سەر چڵ دا گوڵشەن بۆ گوڵی ڕووی
کە شەوگاری درێژم تا بەیانی
مەبادا دەستی بەدکاری بگاتێ
بە ئەرکی خۆم دەزانی پاسەوانی
بەڵام ڕۆژێک لە ناکاوا کتوپڕ،
هەڵی کرد باو بۆرانی خەزانی
گەڵاڕێزان و گوڵ با بردی، بولبول
بە ناچاری بە جێی هێشت ئاشیانی
دەبێ من سەرپەرشتی باخەکەم کەم
لە کار و باری مەرجی باخەوانی
بە دەستووری سروشت گەر دڵنیا بین
لە پاش ناخۆشی یە دێت شادمانی