وەرە مەیگێڕ لە مەی ڕەنگ ئەرخەوانی

بە یادی لاوێنی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  671 بینین
وەرە مەیگێڕ لە مەی ڕەنگ ئەرخەوانی
بە یادی ڕۆژی لاوێنی و جوانی
بەیادی ڕۆژگارێکی بەسەر چوو،
کە وا پڕ بوو لە خۆشی و کامەرانی
بە یادی ئەوە دەمەی ئێوارە وەختان
بەرامبەر باخەکەی ئۆمەر خوچانی
بە یادی ئەو دەمەی کۆڕی هەڤاڵان
بە گۆرانی و بەستە و نەغمە خوانی
لە کاتێک دا نسێ باڵی دەکێشا
بەسەر باخ و چەم و ڕووبار و کانی
لە سەر گردی «جووان» ئەمجا بەرەو شار
بە شادیی و بەختیاری و کامەرانی
لە ماڵێک دا بە کۆمەڵ دا دەنیشتین،
بە بەزم و شادی تا کاتی بەیانی
نەکەی دڵگیر ببی گەر لێت بپرسم
لە کوێن ئێستاکە یارانی گیانی
بەخوا سوێندت دەدەم ئێستا لە کوێیە
بە ڕاستی پێم بڵێ: گەر هیچ دەزانی
وەڵامی دامەوە مەیگێڕ گوتی پێم:
گەلێک دڵگیر دەبێ ڕاستی بزانی
برایان، ئاشنایان، دۆست و یاران
کە ڕوویان کردە دنیای جاویدانی
لەوە دڵگیر مەبە یاسای سروشتە
کە کەس ڕزگاری نابێ چاک دەزانی
کەسێک گەر حەز بکا ناوی بمێنێ
بە چاکە بەخت بکا ماوەی ژیانی
لە پێناو ئادەمی زادا بە گشتی،
بە تایبەت بۆ گەل و بۆ نیشتمانی