ڕۆژێک دانیشتبووم تەنیا

سروودێکی تازە
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 3 خولەک  652 بینین
ڕۆژێک دانیشتبووم تەنیا
سەرم پڕ بوو لە ماخولیا
لە پڕ برادەرێک هاتە لام
دانیشت و لێی کردم سەلام
فەرمووی دەزانی بۆ هاتم
زۆر لە مێژە بە ئاواتم
کە لێت بپرسم پرسیارێ
نەک پرسیاری هەرزە کارێ
تکایە لێم دڵگیر مەبە،
لە پرسیارم زویر مەبە
پێم گوت: «کاکە تۆ برادەرمی
لێم بپرسە بەبێ شەرمی
چیت مەرامە چیت نیازە؟
تا بۆت بەیان کەم ئەم ڕازە!»
گوتی: «جاران تۆ بوێژ بووی
شیرین گوفتار و ڕاوێژ بووی
ئێستا بۆ بێ دەنگ و ماتی
دوور لە هەموو کارەساتی!
کز و خەمبار و دامای
لە ژیان هیوا بڕاوی!»
پێم گوت: «کاکە چاک بزانە
من زۆر هیوام بە ژیانە
ئارام بە هێور ببمەوە،
سەر لەنوێ تێ هەڵدەچمەوە
پێت دەڵێم گشت کارەساتم
لە هەموو سەر، بە سەر هاتم!
پێش ماوەیەک لە شەڕ دابووم
شەڕێکی وا تێ گڵابووم!
هێندە توند و دڵ تەزێن بوو
دروشمی هەر مەرگ و خوێن بوو»
ناکا و دەنگێ هاتە بەر گوێم،
بانگی کردم وەهای گوت پێم:
مەترسە من پشتیوانم،
یاریت دەکەم چەند بتوانم!
چیت پێویستە لێم داوا کە
تا پێت بسپێرم ئێستاکە،
من بۆ ئێوە زۆر دڵسۆزم
لە دوژمن دەتان پارێزم
دڵنیا بووم بە بەڵێنی
نەمزانی پشتم دەشکێنی
کە شەڕ دەستی پێ کردەوە،
دڵنیا بووم دەم بردەوە
ڕق ئەستوور بە قار و قین
دوژمنم هێنابووە لەرزین
بەڵام ڕۆژێکی کتوپڕ،
بەڵێنە کانی بوو بە تڕ،
دەستی هێنا لە تەنیشتم،
خەنجەرێکی دا لە پشتم!
لەو ڕۆژەوە دەخولێمەوە،
بە زامی خۆم دەتلێمەوە!
گەر نەمردم بەم برینە
ئەمجا ئاکارم ببینە!
بەکاردێنم بیر و هەستم
سروودێک وا هەڵدەبەستم!
قارەمانی ناو سەنگەر بێ
پێشمەرگەی دەست بە خەنجەر بێ
مووشەکێکی تانک شکێن بێ
هێزێکی دوژمن بەزێن بێ
مێک بێ، میراج بێ، ڤانتۆم بێ
هەڵگری بۆمبای ئەتۆم بێ
سروودێک ناوی تۆڵە بێ
دژی ئەم «شایە» زۆڵە بێ
خودا یار بێ بدا دەستم
دەبێ دوو دەستی ببەستم
ڕقی ئێستا و زۆر لە مێژم
هەمووی هەر پێدا بڕێژم!
لە چوار چرا دەیدەم لە دار
ببێتە پەندی ڕۆژگار!
دەری بێنم لە بنە ڕەتی
وەک گۆڕ بە گۆڕی لەعنەتی
ئەمجا سروودێکی تازە،
دەهۆنمەوە بەم ئاوازە!
مژدە هێنەری شادی بێ
ڕزگاری بێ، ئازادی بێ
ئاشتی بێ، برایەتی بێ
مرۆڤایەتی پەتی بێ
دەست لە ناو دەست یەکتر نانبێ
بەختیاری بێ، ژیان بێ
لە ئازار کەم ئازارتر بێ
لە نەورۆز خۆشی زۆرتر بێ