دوو هەزار ساڵ لەمەو بەر
کاوەی سەدەی بیستەمین
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
925 بینین
دوو هەزار ساڵ لەمەو بەر
هەستا کاوەی ئاسنگەر
بوو بە پێشڕەو و ڕابەر،
دەستی کرد بە شۆڕ و شەڕ
بە هێزی بازوو و مەچەک
نایە سەر شانی کووتەک
دژی زۆردار ڕاوەستا
سوێندی خوارد بە ئاوێستا
دەبێ زۆردار بمرێنین
خوێنی بەدکار بڕژێنین
لەگەڵ لاوانی دلێر،
هێرشیان برد وەکوو شێر
قەڵای بەدکاریان ڕماند
خوێنی زۆرداریان ڕژاند
دەرچوون لە دەست بێ دادی
شەکا ئاڵای ئازادی
چوار سەد ساڵ لە پێش کاوە
کە ئاگر هەڵکراوە،
هێزی یەزدان پەرەستی
زاڵ بوو بەسەر خوای پەستی
ئاگر ئەوسا هەڵکرا،
بانگی سەربەستی درا!
لەوسا ئاگر یەکجاری
دروشمە بۆ ڕزگاری
پشت بە پشت هەر مایەوە
بە هیچ هێز نە کوژرایەوە
تاکوو سەدەی بیستەم هات
پاش هەزاران کارەسات
لە کوردستانی بەرین
کاوەی سەدەی بیستەمین
کاوەی نەمر بارزانی
ئاڵای خستە سەر شانی
شۆڕشێکی بەر پا کرد،
مافی کوردی داوا کرد
داوای مافی ڕەوامان،
بۆمان نووسرا بە تاوان
دوژمن چەند هێرشی کرد
بۆ لەناو بردنی کورد
گەلی کوردی قارەمان
نە ترسا لە دوژمنان!
بە خوێنی ڕۆڵەکانی،
سووری کرد کوردستانی
هەر ژێر داری سەر بەردێ
سوور بوو بە خوێنی کوردێ
لە ساڵی بیست تا حەفتا،
دوژمن لە هیچ نەوەستا
بە توندی دەستی وەشاند
چەند توانی خوێنی ڕژاند
نەیتوانی کورد سەرشۆڕ کا
نامەی پەستی پێ مۆر کا!
ناچار خۆی سەری شۆڕ کرد
پەیمانی دۆستیی مۆر کرد!
دانی نا بە مافی کورد
ئۆتۆنۆمی بەیان کرد
یازدەی ئادار بانگ درا
کورد و عەرەب بوونە برا
شەڕ و شۆڕ بڕایەوە،
جا ئاشتی گەڕایەوە!
یازدەی ئادار و نەورۆز
دوو جەژنن هەر دوو پیرۆز
نامرن ئەم دوو ناوە
یەک بارزانی یەک کاوە!