ڕۆژێک لە گەشت بووم، لە کۆهسارێک،

گەشتێک
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 3 خولەک  688 بینین
ڕۆژێک لە گەشت بووم، لە کۆهسارێک،
لە ژێر سایە و سێبەری دارێک
دانیشتم ئارام، ماندووم سایەوە
سەرم هەڵبڕی ئاوڕم دایەوە!
کە تەماشام کرد، پیرە دار بڕوو
بە شنەی شەماڵ، دەهات و دەچوو
بیرم کردەوە تەمەنی درێژی
گەر لێی بپرسم چیم پێ دەبێژێ
گەر ڕابردووی خۆی بگێڕێتەوە
زۆر نهێنی مان بیر دێنێتەوە!
گەر لێی بپرسم دەنگ بداتەوە
بێ گومان زۆر شت ڕوون دەکاتەوە!
پیرە دار بەڕوو دەنگی دامەوە،
زۆر لە ڕابردووی بۆ گێرڕامەوە!
گوتی: دەوەن بووم کاتێ بووم بە دار
کەوتمە ژێر دەستی ڕۆژگار!
بۆت بگێڕمەوە گشت بەسەر هاتم
کەم دەبێتەوە لە وەخت و کاتم!
یەکەم ڕووداوێک کە دێتە یادم
بۆت دەگێڕمەوە زۆر پێ دڵشادم
دە هەزار سەرباز لەشکری یۆنان
لەگەڵ گەزنەفۆن هاتنە کوردستان
لە سەر چیاکان بەرد باران کران
لە دوای شەڕ و شۆڕ، زۆریان لێ کوژران
بە سەر شکاوی بە ورگی دڕاو
پەرت و بڵاو بوون وەک پۆڕی خوراو
هەزارانی تر سەریان دا لە بەرد
هاتنە کوردستان بوونە تۆز و گەرد
پیرە دار گوتی: ڕۆژێک لە ڕۆژان
لەم دەور و بەرە سووپای جەنگیز خان
ڕۆژێکیش تەیموور، ڕۆژێک هۆلاکۆ
کەوتنە تاڵان و کوشتار و بڕۆ!
ئەم کوردستانە بوو بە گۆمی خوون
کەژ و دارستان سووتان بوون بە توون
لێرە لەم کێوە دوژمنی بەدکار
هەڵوەری و ڕژا وەکوو گەڵای دار
من چەند سووتام هەر ژیامەوە،
چۆنم دەبینی هەروا مامەوە
چیا بەرزەکان کێوانی سەرکەش
نیشتمانی کورد ناکرێ بەش بەش
ئەوەی کورد بخوا زوو دەڕشێتەوە
بۆی هەزم نابێ دەیهێنێتەوە!
داگیر کەرانی هاتنە کوردستان
نەگەڕانەوە، چوون بۆ گۆڕستان
کورد هەروا ژیا، هەروا مایەوە
نا توێتەوە و نە تاوایەوە!
نە سوڵتان سەلیم، نە شای سەفەوی
نەیان توانیوە کورد کەن سەر نەوی
بۆ ئەم مەبەستە، زۆر کۆششیان کرد
کە وا هان بدەن، کورد لە دژی کورد
بۆ ئەوەی خۆیان بە دڵنیایی
کوردستان بەش کەن بە ناڕەوایی
بەڵام گەلی کورد دژیان ڕاوەستا
ئەم بینە و بەرە، ماوە تا ئێستا
ئێستاش خەریکن کورد بتوێننەوە،
مێژوو بەرە و داو بگەڕێننەوە!
خەیاڵیان خاوە کورد ناتوێتەوە
چەرخ بەرە و دوا نا سووڕێتەوە!