هاواری گەلی کورد لە کوردستان

بانگەواز
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 3 خولەک  760 بینین
هاواری گەلی کورد لە کوردستان
بۆ ئەنجوومەنی یەکگرتووی گەلان!
وێنەی بۆ لقی مافی مرۆڤان
پێی دەڵێن «لیژنە حقووقی ئینسان»
بیست و سێ ساڵی تەواو لەمەو بەر
گۆڕ کرا فاشست مرد شەیتانی شەڕ
یاسای حقووقی ئینسان مۆر کرا
بانگی ئاسایش لە جیهان درا
بڕیار بوو هەموو نەتەوەی جیهان
ئازادی بدرێ بە هەموو گەلان
سەربەست بێ هەرکەس لە کار و لە ژین
بێ جیاوازی لە دەگەز، لە دین
گەلانی ژێر دەست شاد و مەسروور بوون
بەم بانگەوازە زۆر پشت ئەستوور بوون
گوتیان ژێر دەستی و زۆر داری نەما
قەڵای زۆر داری و خوێن ڕێژی ڕما
بە پێچەوانەی هیوا و ئارەزوو
خۆزیا سەد خۆزی بە دەوری پێشوو
چەرخی ئەتۆمە مرۆڤ لە گەشتی،
بۆ ناو مانگ دەچێ لە دەور و پشتی!
بیستی گەلاوێژ ساڵی شەست و نۆ
لە مانگ نیشتەوە کەشتی ئەپۆ لۆ
هونەری مرۆڤ مانگی پشکنی
خونچەی لە باخی نهێنی چنی
ئەمجا با بێمە سەر ڕاستی مەبەست
بنووسم بۆتان لە ڕووی بیر و هەست
لە دوایی ڕێز و سڵاو بێ ژمار
بۆتان دەنووسم هەر یەک لە هەزار
بۆ ئێوەی بەڕێز کە داد پەروەرن
دژی زۆرداری و کاری بێ فەڕن
کوردیش گەلێکە خاوەن نیشتمان
خاوەن ڕەوشت و ڕابردوو و زمان
بە دەست ئیستعمار بەش بەش کراوە
وەک لاکی مردوو دەوریان داوە
ئەوە هەشت ساڵە هەشت ساڵی تەواو
گەلی هەژاری کوردی ماف خوراو!
لە سەر کەمترین ماف و داخوازی
کار بە دەستانی فاشست و نازی
هەموو کەرەستەی شەڕ و شۆڕ و جەنگ
بەکار دەهێنن لەگەڵ زەبر و زەنگ
فڕۆکەی مێک و هەنتەر و هەلوشن
وەکوو کوورەی هەنگ زۆر زۆر بە جۆشن
بۆمبای ناپاڵم زۆر دەهاوێژن
لەوەش زیاتر تیزاب دەڕێژن!
شار و دێهاتمان بۆمباران دەکەن
ئاوایی و چۆڵ، چۆڵ و وێران دەکەن
گوند دەسووتێنن بێ تاوان دەگرن
سکی منداڵ و ژنان هەڵ دەدڕن!
نەک هەر قەنارە جەڵەب بەند کردن
بە زیندوویی چاو مرۆڤ گۆڕ کردن
لە بیست و شەشی ئابی شەست و نۆ
لە ژن و منداڵ شەست و هەشت مرۆ
بڕیار وا درا گشتی بەند کردن
دەبێ بسووتێن ئەوانە کوردن
ژنی هەژار و منداڵی ورد بوون،
تەنیا تاوانیان ئەوە بوو کورد بوون
دژ بە مرۆڤن پەستن بەدکارن
لە سەرکەوتن دا وەک گورگی هارن
جەنگیز، هۆلاکۆ، تا تەیمووری لەنگ
بەم کردەوانە دەڵێن عار و نەنگ!
کوڕی گۆبڵز و نەوەی هیتلەرن
دژی ئاشتی و ئاشنای شەڕن
ئەی ئەنجوومەنی یەکگرتووی گەلان
لەسەر شانتانە ئەرکێکی گران!
ئێستە هەر ئێوە دەستەڵات دارن
کە پارێزەری گەلی هەژاران!
دژی زۆردار و دەست درێژ کەرن
دۆستی هەژار و ڕێ نیشان دەرن!
کەوابێ هەتا زوو کەن درەنگە
بۆ ناوی بەرزی ئێوە زۆر نەنگە
چەرخی ئەتۆم و مانگی دەست کردە
تازە بڕیاری قەڵاچۆی کوردە
ئێوەش وەک «عوسبە» گەر چاو بپۆشن!
لە مافی گەلان چاوتان بپۆشن
ئەگەر زوو دەستی زۆردار نەبەستن
گەر ڕابوەستن ئێوەش هەر پەستن!