ژێر هەر دایک، سەر بەردێک

بۆ ئازادیی کورد
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  929 بینین
ژێر هەر دایک، سەر بەردێک
سوور بووە بە خوێنی کوردێک
بەم خوێنە وەها نووسراوە،
بۆ ئازادی کورد ڕژاوە
ڕۆژێک ئەم خوێنە لافاوی
دوژمن لوول دەدا گەرداوی
دەبێتە لافاو و شەپۆل،
دەگرێتە پێش خۆی دەشت و چۆڵ
خاوەنی ئەم خوێنە سوورە
لاوێکی کوردی جەسوورە!
بۆیە بەختی کرد ژیانی
تا ڕزگار بێ کوردستانی
مێژووی کوردمان کۆن و تازە
لای نەداوە لەو ڕێبازە
ئێستا رابوردوو و داهاتی
هەر خوێنینە بەسەر هاتی
لاوێک لە ڕێی نیشتمانی
بەخت بکا گیان و ژیانی
هەر دەمێنێ ناو و یادی
شەهیدی ڕێگای ئازادی
سوور هەڵگەڕا ڕووی گوڵاڵە
ئاودرا بەم خوێنە ئاڵە!
مەسەلێکی زۆر مەشهوورە
کورد عاشقی ڕەنگی سوورە
لەم شوێنەی خوێن زۆر ڕژاوە
گوڵی ڕەنگا و ڕەنگ ڕوواوە،
چەپکە گوڵێک هەڵ دەبژێرم
لە کاتی خۆی بۆی دەنێرم
دەستە گوڵێکی ڕازاوە
پێشکەش بە گیانی ئەو لاوە
ئەو لاوەی زۆر بە چالاکی
بەخشی بە کورد گیانی پاکی