منی کچە کوردی خاوەن هەست
چەپکە گوڵێک
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
1046 بینین
منی کچە کوردی خاوەن هەست،
شوورەیییە نەی کەم چیم بێ لە دەست
لە کۆڕی تێکۆشانی خوێنین ڕەنگ
گیان بەخت کەم بە هێمنی و بێ دەنگ
بە تاری قژی کاڵم چەپکە گوڵێک
چڵ چڵە بیبەستم وێنەی دڵێک
هەر وەکوو خاتوو زینی دڵ بە خەم،
بیکەم بە دیاری بۆ سەر گۆڕی مەم
گۆڕی ئەولاوەی کە بە چالاکی،
بەختی کرد بۆ کورد گیانی پاکی
لە پێناوی گەلێکی ماف خوراودا
گەلێکی زۆر لێ کراو و دڵ شکاودا
هەر چیان پێ کرا بە بێ وەستان،
کردیان دوژمنانی کوردستان!
تا نەگەن بە ئامانج هەر چەند پەلەکەن،
نزیک بووە مەرگیان با هەڵەکەن
کە من مردم ئەو ڕۆژە بێ خەم
تەرمم بنێژن لە تەک گۆڕی مەم
سڵاو لە نیشتمانەکەی ژینم،
سڵاو لە یارەکەی دێرینم!
ئەوەندەی کە پێم کرا توانیم
کردم و گوتم هەرچی زانیم!