ئەی شەهیدانی ڕێگای نیشتمان
شەهیدان
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
1152 بینین
ئەی شەهیدانی ڕێگای نیشتمان
خۆتان بەخت کرد کران بە قوربان
لە ڕێی ئازادی و سەربەستی ژیان
لە بیر ناچنەوە بە درێژی زەمان
مێژوو دەنووسێ یەک یەک ناوتان
ئەو دەستەی کە وا خوێنی ڕژاندن
ئەو گوللەی کە وا مێشکی پژاندن
ئەو هێزەی هەمووی لە خوێن گەوزاندن
جەرگی هەزاران دایکی سووتاندن
باخێکی دانا نەمامی چاندن!
ئێوە نامرن، نامرن دەژین
گیانی پاکتان لە سەما و زەمین
بانگمان دەکەن وا بە پێکەنین
دەستی یەک بگرن یەک بن هەموو چین
وا چویتە کەمین دوژمنی لەعین
هەروا خەریکە بە فڕ و فیشاڵ
لێکمان تەفریق کا بە پوول و بە ماڵ
بۆ ئەوەی یەک یەک بمان نێتە چاڵ
دەستمان ببەستێ وەک تەیری بێ باڵ
تا داگیری کا گەنجینەی حەڵاڵ!
خەیاڵی پووچە دوێنێ بەسەر چوو
میللەت تێ گەیی فڕ و فێڵی توو
عەرەب و کورد و مەسیحی و جوو
هەموو یەک نیاز یەک بیر و یەک ڕوو
سەفیان بەستووە بە یەک ئارەزوو
پێکەوە تێکڕا وا هاوار دەکەن
تف لە ڕەوشتی ئیستیعمار دەکەن
نەعلەت لە ڕووحی گشت زۆردار دەکەن
میللەت لە دیلی زوو ڕزگار دەکەن
دیموکراتیەت چاوە نواڕ دەکەن!
کوردە دەیەوێ ژینی سەربەستی
کوردە دەیەوێ نان و پێویستی
کوردە دەیەوێ دەرچێ لە پەستی
کوردە دەڕژێنێ خوێن بۆ مەبەستی
بمرێ ئیستیعمار، کۆنە پەرەستی
ئیتر بەسیەتی فیکری عونسری
بوو بە قسەی کۆن سونی و جەعفەری
یەکێتی عێراق بە موختەسەری
پێکهات بە خوێنی ڕژاوی بەری
تێکیشی نادا دەسایس گەری!
کوردە دەیەوێ خوێنی شەهیدان
کێ بوو موسەبیب بخرێتە زیندان
مەحکەمەی بکا میللەت لە مەیدان
حوکم جاری بێ بۆ وان بە خنکان
بمرێ دوژمنی گەل و نیشتمان!