نەخڵەتام کۆڵم نەدا

کۆڵنەدان
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  994 بینین
نەخڵەتام کۆڵم نەدا،
چەند تەلیسم هاتنە ڕێگا
بە وێنەی دێوو دڕندە
بە هەڕەشە و بگرە و بەردە
هەر یەک بە ڕەنگێکی دزێو
هاتە بەر چاوم وەکوو دێو
مەرامیان بوو بم ترسێنن
ورە بەردەم، بم تۆقێنن
بۆ وت و وێژیان گوێ دێر بم
چۆنیان بوێ من وا فێر بم
بەڵام ئەم هەموو دەعبایە،
هیچیان بۆ نەهاتە کایە!
وەک کوڕە کوردێکی نەبەز
ڕێی لێ نەگرتم ترس و لەرز!
دا نەچڵەکیم دووا نەکەوتم،
لە چەند هەورازێک سەرکەوتم
هەنگاو بە هەنگاو چوومە پێش
ترسم نەبوو لەزام و ئێش
تا گەیشتمە لێرە وا ڕێک،
هاتنە سەر ڕێم چەند چەکدارێک
دەیانەویست ڕێم پێ بگرن
بە گوللەی وێڵ جەرگم بدڕن
پێم گوتن: «خزمی خۆتانم
خەڵکی جەزیرە و بۆتانم»!
هاتمە لاتان بۆ هاوکاری
بچین بۆ ڕێگای ڕزگاری
ئەم چەکەی خستۆتە شانت
بیخە کار دژ دوژمنانت
ئێمە بۆ لەگەڵ یەک دژ بین
دوژمن پەرەست و خۆ کوژ بین
لە ڕووی دوژمن بیتەقێنین
بێ وەستان خوێنی بڕژێنین
من و تۆ لای ئەو یەک کشین
تا زووە ڕیشەی یەک هەڵکێشین
من و تۆ وەک قاو و چەرخین
لە لای ئەو هەر دووک یەک نرخین!
ئەمەی بیست کاکی چەک لە شان
وەک شەنگە بی هاتە هەژان!