رووی سپی کاغەز بە نووکی خامە بۆ ڕەش هەڵگڕا

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  964 بینین
رووی سپی کاغەز بە نووکی خامە بۆ ڕەش هەڵگڕا
دوو زمانی هاتە کار و نامە سەر بەرگی دڕا
بۆیە گشت ڕاز و نهێنی دڵ بە جارێ هاتە ڕوو
شەو لە نیوەی تێپەڕی خەتی بەیان بوو ئاشکرا
شەونمی فرمێسکی بولبول وەک ڕژا سەر پەلکی گوڵ
خونچەی لێوی کردەوە وەک پێکەنی ئابڕووی تکا
سوێند بە ئاوێستا دە خوا پەروانە خۆی زەردەشتییە
بۆ پەرستگا دەچێ، وا ڕوو بە ڕووناکی چرا
نەزمی ڕێک و پێک و ساف ووردە وێنەی شەو چراغ
کێشی سووکە، نرخی زۆرە، تا بە تایە کێشرا
هەنگی دڵ وەک نیشتە سەر خونچەی دەمت تا بیمژێ
شانەیی هەنگوینی هەڵبەست و گوڵاوی تێکرا!