نە لە ڕۆژ ئاوا، نە لە ڕۆژ هەڵات

ئەستێرەی هیوای کورد
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  814 بینین
نە لە ڕۆژ ئاوا، نە لە ڕۆژ هەڵات
ئەستێرەی هیوای کورد بۆ هەڵ نەهات؟
دەڵێن لە ماوەی سەد ساڵ دا یەک جار
هەڵدێ ئەستێرەی سووری کلکدار!
دوو هەزار ساڵە کورد وا مایەوە
ئەستێرەی هیوای نەدرەوشایەوە!
مەسەلەیەک هەیە بە کوردی دەڵێ
چاوی لە دەرێ خۆڵی تێ وەرێ
گەر ڕۆژ هەڵاتە، گەر ڕۆژ ئاوایە،
بۆ گەلی هەژار کەی جێی بڕوایە؟
بەرژەوەند پەرەست بۆ سوودی خۆیان
بلوێر دەژەنن، کۆگای درۆیان!
بۆ دەست کەوتنی لیترێک نەوتی ڕەش
بە کوشتن دەدەن هەزار سپی و ڕەش
برا چارەمان تەنیا خەباتە!
برایەتی و یەک بوون ڕێگای نەجاتە!
بە هەڵمەت بردن وەک شێری شەرزە
تەختی ڕۆژگاری بێنینە لەرزە!
بێ ترس و بێ باک، ئازا و نەبەز بین
با بڕووخێنەری قەڵای ناحەز بین
بە هونەرمەندی و بە زۆری بازوو
خۆمان بخەینە تابەی تەرازوو!