ئەی بادی شەماڵ، ئەی سروەی بەیان

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1002 بینین
ئەی بادی شەماڵ، ئەی سروەی بەیان
نامەی ناردوە بۆت دایکی نیشتمان
زوو وەری بگرە، ئازا و دەست و برد
بگەڕێ هەموو نیشتمانی کورد!
بڵێ: گوێ دێر بن، لەم بانگە وازە
دایکی نیشتمان ئەمەی دڵخوازە!
مەڵێن دوژمنمان زۆر نا تەبانە،
بۆ نەمانی کورد گشت وەک برانە
ئێستا لە سەر چی لەگەڵ یەک دژن؟
بۆ سوودی دوژمن یەکتر دەکوژن!؟
دژ بە یەک هەر دەم لە ناو سەنگەرن
ئەی چەند نەزان و چەند ئاخر شەڕن
دوژمن خەریکە هێرشێک بێنێ
خاکت داگیر کا، خوێنت بڕژێنێ
ئێستا دەرفەتە هەموو بە یەک دەنگ
بوەستن لە ڕووی هێز و زەبر و زەنگ
نازانم بۆ چی هێندە بەدکارن
لەگەڵ یەک هەموو گورگی هارن؟
هەر دەم خەریکی گیانی یەکترن
هەرگیزا و هرگیز یەکتر ناگرن!
ئاوا خەریکن دایکی نیشتمان
ڕزگار کەن لە ژێر دەستی دوژمنان؟
داخم ئەوەیە من تاکوو ماوم،
لەیەک گرتنتان هیوا بڕاوم!
ڕاستتان پێ دەڵێم قەت ڕزگار نابن
هەتا لەگەڵ یەک وا نا تەبا بن!