نەورۆز و بەهار وەک جووتەی خوشکان

نەورۆز و بەهار
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1663 بینین
نەورۆز و بەهار وەک جووتەی خوشکان
لە شادی کڕین ئەمساڵ تێ شکان!
بەهار بنەوشەی لە زستان کڕی
کراسی جەژنی بۆ نەورۆز بڕی
بۆ چی نەیزانی بنەوشەی سەر شین
بۆ شایی نایە هەر دەیکا بەشین؟
ئەم کە پەروەردەی سەرمای زستانە
سەر کزۆڵکەی چاو بە گریانە
نەورۆز نەیدەویست بابان وێران بێ
گۆرانی و شایی، شین و گریان بێ
یان وا کۆست کەوتوو وا بێ نەوا بێ
شانۆی هەڵپەڕکێی کۆڕی شینگا بێ
نەورۆز دەیەویست گوڵی زەرد و سوور
شادی هێنەر بێ بۆ نزیک و دوور!
بەڵێن بێ منیش بۆ جەژنی ئەمساڵ
جلێ سەوز و سوور بکڕم بۆ کەژاڵ
لە سەر پەلکی گۆڵ شەونم ببارێ
بۆی بهۆنمەوە ملەی مرواری
بکەم بە بەریا بەرگی ڕەنگا و ڕەنگ
بێن بۆ تەماشای لە چین و فەڕەنگ
بیڕازێنمەوە وەک بووکی بەهار
وێنەی نەدی بێ چاوی ڕۆژگار
بچێ بۆ شایی بە شادمانی
بە ئاوازی خۆش بڵێ گۆرانی
چ گۆرانی یەک نەغمەی ئازادی
دەنگ بداتەوە دژی بێدادی
بەهار لە زستان تۆڵە بستێنێ
پەیمانی سەهۆڵ بەستن بشکێنێ
کەژاڵ و نەورۆز بە هاریکاری
چەپکێک گوڵی سوور بکەن بە دیاری
نەورۆز حەز دەکا گوڵ بۆ بە هار بێ
کەژاڵ دەیەوێ گەلی ڕزگار بێ!