نەوتی خۆمانە گڕی گرتووە و دەمسووتێنێ

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  990 بینین
نەوتی خۆمانە گڕی گرتووە و دەمسووتێنێ
ئاوی خابوور و فورات، هاتووە دەم خنکێنێ!
دەستی ناگاتە سەرم هێندە بڵند وستاوم
بەردی ئەڵوەند و حەسارۆستە سەرم دەشکێنێ
کوڕی خۆم وا چەکی هەڵگرتووە دژم وەستاوە
هەر برای خۆمە لە بۆ دوژمنی دەم ترسێنێ!
دوژمنم شادە کە دەم بینی وەها پێدەکنەنی
دۆستم بۆم دەگری دەم دەمە دەم گرێنێ
کوڕی کورد ئەم چەکە ئاڕاستەی دوژمن کە
پشتی من بگرە برا خوێنی برا نەڕژێنێ
بەسە دەست هەڵگرە لەو من منەکێ و پوولەکییە
بیر لە ئازادی بکە ئەو مرۆڤ دەژیێنێ
سەیری مێژووکە کە سەربەستی چلۆن دەست دەکەوێ
گەلێ ئازادی بوێ خوێنی لە ڕێ دەڕژێنێ!