هەر لە ڕێبازی خەباتا پیری ئیرشادم دەوێ

خەونی سەربەستی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1102 بینین
هەر لە ڕێبازی خەباتا پیری ئیرشادم دەوێ
من گەلێکی سەربەخۆ و سەربەست و ئازادم دەوێ
مل کەچی و ژێر دەستی پیشەی من نییە ئەی بەدگومان
باسی مێژووی ڕۆژگاری میدیا و مادم دەوێ
سەر گوزشتەی قەیس و لەیلا باس مەکە بۆ من ڕەقیب
داستانی زین و مەم، شیرین و فەرهادم دەوێ
سەر نزم ناکەم لە بەر هێز و تەوژمی ڕۆژگار
تێ دەکۆشم یان مەرگ یان ژینی پڕ دادم دەوێ
شەرتە کۆڵ نادەم هەتا ڕۆژێک بە ئامانجم دەگەم
کوردم و ڕۆڵەی بەجەرگ و عەزمی پۆلادم دەوێ
شۆڕشی شێخی حەفید و شێخی پیران شێخ سەعید
بارگەی سمکۆی شکاک، قازی مەهابادم دەوێ!
قارەمانی شۆڕش و ناوداری چەرخی بیستەمین
جاف سوڵتان و قەدەم خێر و پەریزادم دەوێ
هەڵگری ئاڵای خەباتن بەچکە شێرانی گەلم
سەر بڵندم، سەر بڵندیی خۆم و ئەحفادم دەوێ
عەونیناسناوی ئەدەبی سەربەستی لە ڕێبازی خەباتا دێتە دی
من نەوەی زانا و بە هست و ژیر و ئوستادم دەوێ