خواست و گەرەکم بوو کە ببینم لە حەیاتم
ئازادی وڵاتم
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
979 بینین
خواست و گەرەکم بوو کە ببینم لە حەیاتم
ئازادی و ڕزگاری گەل و خاکی وڵاتم!
هەرچەندە دوایی تەمەنم هات بە نەهاتی
هیوام هەیە هەر بەر دەگرێ داری خەباتم
چەند ڕۆژێ ئەگەر یەک بگرین وەردەگرین زوو
گشت مافی سروشتی و و دەچەسپێ دەسەڵاتم
لەو ڕۆژەوە ماد لەشکری ئاشووری لەناو برد
لەو ساوە کە من کۆیلەییم وەرگرت بە بەراتم
کاوە کە بە خۆی پێشڕەوی شۆڕش بوو دوایی
سەرکەوت و گوتی: سەربازم و من بێ دەسەڵاتم
زەندی کە دەمێ حاکمی ئێران زەمین بوو،
دەیفەرموو وەکیل دەوڵەتم و حاکمی کاتم
بڕوا بە خۆ نەکردنە تێکەڵ بە نەزانی
جێی خۆیەتی کە گیرۆ دەیی دەست لۆتی و لاتم
هۆی چارە ڕەشی نابێ لە بێگانە بزانم
ڕاستی ئەمەیە بێژە لە دەست خۆمە شکاتم!