دوژمنی بەدکاری من هەرچی بکەی لێت ناگرم

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  917 بینین
دوژمنی بەدکاری من هەرچی بکەی لێت ناگرم
پێت دەڵێم من تاکوو ئێستا ماوم و قەت نامرم
ساڵەهای ساڵە وەکوو ساوا لە ناو بێشکەی ئەمەل
لایەلایەم بۆ دەکا دایە کەچی پێ ناگرم
زۆر زیانم دیت کە ڕێی چەوت و چەوێڵم گرتە بەر
ئەم هەموو بەڵگەم لە دەستدایە بە ڕاست ڕێ ناگرم
من لە تۆ هوشیار ترم ئێستا دەزانم چیت دەوێ
بەدڕەوشتیم فێر دەکەی بۆ سوودی خۆت لێت ناگرم
هەرچی پێت دکرێ لەگەڵ من بیکە هیچ سوودی نییە
ئەم پڕۆژەی خۆم مەبەستمە دەستی لێ هەڵناگرم
دژ بە کەس ناوەستم و با کەس نەوەستێ دژ بە من
من کە بارم شووشە بێ بەردیش لە خەڵکی ناگرم
وەک هەڵۆ لانەم لە کێوێکی بڵند هەڵبەستووە
چەندی بەردم تێ گرن تازە بە کەس هەڵنافڕم
تێگەیشتم چەند هەڵەم کرد و فریبم خواردبوو
تۆبە بێ تۆبە ئیتر دەستی برای خۆم نابڕم
ئێستە زانیم دوژمنی بەدکار کە بۆ پێم هەڵدەڵێ
خەنجەری داوە لە پشتم ڕۆژێ دەستی ناگرم
بارەکەت گوێزە و خڕەی دێت، مشتەری کۆ بوونەوە
من دەزانم پووچەڵە گشتی بە پوڵێک ناکڕم
پێت دەڵێم بار کە و بڕۆ لەو ڕێگەوە لێی هاتبووی
گەر نەڕۆی تاوانی خۆتە چی دی ڕێزت ناگرم