مەگەر لاوانی کورد وا بوون بە مەنسوور

لاوانی کورد
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1031 بینین
مەگەر لاوانی کورد وا بوون بە مەنسوور
لە سەر لەفزی «اناالحقعەرەبی» چوونە سەردار
بە خوێن وا نەخشی کوردستان دەکێشن
کوڕی ئازا و خەبات گێڕ و فیداکار!
سەری مەردایەتی دا نانەوێنن
بەرامبەر دوژمنی خوێن ڕێژ و لاسار
بە خۆ بوون و بە یەکبوونە دەچەسپێ
بە ئاسانی هەموو کارێکی دژوار!
دەبا دەست خەینە ناو دەست یەک برابین
هەتا کەی لێک بکەین شێتانە کوشتار
بە دەردی خۆپەسەندی و ناتەبایی
بە دەست دێوی نەزانین بووین گرفتار
بەسە تا کەی نەزانین، گێژ و وێژی
لە خەو هەڵسە برا بۆ نابی هۆشیار
بە دەوری لاشەکەت شەڕیانە هەر دەم
سەگ و گورگ و چەقەڵ، تا پیرە کەمتیار