سەر گوزشتەی کەربەلا و قەتلی شەهید
یادی شێخی حەفید
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
1155 بینین
سەر گوزشتەی کەربەلا و قەتلی شەهید
لەعنەت و عاری بە جێ هێشت بۆ یەزید
کوشتنی جەعفەر قەڵاچۆی بەرمەکی
سەد ئەوەندە شوورەیی بوو بۆ ڕەشید
حوکمی فاشستی کەمالی تورکەکان،
نەیتوانی قەومی کورد کا کەم ئومێد
لافی سەرداری لەژێر دارا دەبێ
هەر وەکوو دوکتۆر فوئاد و شێخ سەعید
پێشەوا قازی لەبن دارا گوتی:
حوکمی زاڵم هەر زەوالی دێ ئەکید
با سلێمانیش ببێتە کەربەلا!
با بکەین یادی نەمر شێخی حەفید!
عومری چل ڕۆژە سەگی هار کورد دەڵێ:
مەحوە ئەنجامی هەموو تاغی و عەنید
هەر کچی کوردە بە پیری مەرگەوە
پەت لە ئەستۆی کا بە گۆرانی و نەشید
ساڵێ جارێک جەژنی قوربانی هەیە،
کورد هەموو ڕۆژێ ئەدا قوربانی عید!