ڕۆژگارێکە شۆخی نازەنین

شۆخی نازەنین
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1124 بینین
ڕۆژگارێکە شۆخی نازەنین
بە لەنجەولار و عیشوە و پێکەنین
هەروا خەریکە بە نازی چاوی
ڕۆژێک بمگری بمخاتە داوی
بێ مەرج و بەڵێن ببەستی دەستم
دوور بم لە ڕاستی هەست و مەبەستم
هەروا کوێرانە بکەومە شوێنی
چی بکا بەرنەدەم دەست لە داوێنی!
ئەو چی پێ خۆش بێت منیش هەروا بم
با لەناو کۆمەڵ سووک و ڕیسوا بم
خەیاڵی خاوە من بەرزەلانەم
پارێزراوی ئەو تیر و تانەم!
من گشت مەبەست و هیوام و ئاواتم
شادی و ڕزگاری گەلە و وڵاتم
یەکە هەنگاوی ڕێی ڕزگاریمە،
هیوای سەر بەرزیی و بەختیاریمە!
بۆ خۆم بۆ گەلی زۆر لێ کرام
بۆ نیشتمانی بەش بەش کراوم
سەردەمێ منیش فرمان ڕەوا بووم
خاوەن بارەگا و هێز و سووپا بووم
فەرامۆشم کرد لە ڕووی نەزانی
خاوەن بارەگا و هێز و سووپا بووم
فەرامۆشم کرد لە ڕووی نەزانی
یادی ڕۆژانی میدیا و ساسانی
فەرمان ڕەواییم بوو بە ژێر دەستی
شادی و خۆشبەختیم گۆڕا بە پەستی
ئێستا دوچاری شوورەیی و نەنگم
لە هەموو لاوە مەحکووم بە مەرگم
ئەی کیژە جوانی کوردی ئاوارە
بە دەنگی بەرز بڵێ هاوارە
تۆش گیان فیدا بە هەر وەکوو کاکت
بۆ پارێزگاری وڵات و خاکت
بە کۆمەڵ لاوان بەند کە لە داوت
سەر دانەوێنن بۆ سیحری چاوت
یەکەم مەشقت بێ خۆبەخت کاری
گیان فیداکارای هەتا ڕزگاری
نابێ ڕاوەستی لە هەڵمەت بردن
بۆ پاک کردنەوەی وڵات لە دوژمن
تا هێنانەدی مافێکی ڕەوا
دابمەرزێنی سوپا و بارەگا
عیشوە و نەزاکەت چەکی شۆڕش بێ
هاندانت هەر وا لە بۆ هێرش بێ
دڵت بە شادی و خۆشی گەل شاد بێ
جەژنت ڕۆژێک بێ گەلت ئازاد بێ
بەڵێن بێ ئەوسا هەر تۆم خۆش دەوێ
هاوڕێی خەباتم تا مردن دەوێ